نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لە هەولێر دەگاتە 15 هەزار و 750 دینار

رووداو دیجیتاڵ

نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی تەمموز لە هەولێر دەگاتە 15 هەزار و 750 دینار، لە دهۆک 12 هەزار و 500 دینارە؛ لە سلێمانی و هەڵەبجەش هێشتا دیاری نەکراوە.
 
رۆژی سێشەممە 1ـی ئابی 2023، قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بەگوێرەی گەڕەک و ناوچەکان جیاوازی هەیە؛ لەنێو هەولێر و دەوروبەری، یەک ئەمپێری لەنێوان 12 هەزار و 750 دینار بۆ 15 هەزار و 750 دینارە.
 
هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆکیش ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بۆ مانگی تەمموز لە دهۆک و قەزای زاخۆ، 12 هەزار و 500 دینارە.
 
هاوکات سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی تەمموز دیاری نەکراوە و سبەی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان، نرخەکەی بڵاودەکەنەوە.
 
زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ نرخی ئەمپێری موەلیدەیان دیاری نەکردووە و لە رۆژانی داهاتوودا دیاری دەکەن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 5 هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی هەن و لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبا دەدەنە هاووڵاتییان.