لە ورمێ لە چوار مانگدا زیاتر لە 16 هەزار منداڵ لەدایکبوون

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆماری مەدەنیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری لەدایکبوونی پارێزگاکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا لەو پارێزگایەدا 16 هەزار و 811 منداڵ لە دایکبوون.
 
سەعید ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری مەدەنیی پارێزگای ورمێ رۆژی دووشەممە، 31-7-2023 گوتی، لەو ژمارەیە 298یان دووانە و 22یان سێیانەن، هەروەها چوار منداڵ بەیەکەوە لەدایکبوون.
 
بەگوتەی ئەحمەدی، بەپێی ئامارەکانی ئەمساڵ لە هەر رۆژێکدا 135 منداڵ لە پارێزگای ورمێ لە دایکبوون.
 
سەبارەت بە ژمارەی منداڵی کچ و کور، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆی گشتی ئەو منداڵانەی لەو پارێزگایە لەدایکبوون، 8 هەزار و 861 کەسیان کور و 7 هەزار و 950 کەسیان کچن، بەو پێیەش لە بەرامبەر لەدایکبوونی 111 منداڵی کور 100 منداڵی کچ لەدایکبوونە.
 
بەپێی ئاماری فەرمی فەرمانگەی تۆماری مەدەنیی ئێران، ساڵی رابردوو لە پارێزگای ورمێی رۆژ‌هەڵاتی کوردستان 51 هەزار و 520 منداڵ لە دایکبوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 2.4٪ کەمی کردبوو.