ئازاری گورچیلە خەو لە چاوی منداڵێکی 11 ساڵی عەفرین دەزڕێنێت و هەناسەی تەنگ دەکات

 
رووداو - سلێمانی

ستیرڤانی 11 ساڵان شەش مانگە بەدەست ئازاری گورچیلەکانیەوە دەناڵێنێت، بەگوتەی پزیشکان دۆخی ستیرڤان گەیشتووەتە ئاستی پێنجەم لە نەخۆشییەکەی و هەردوو گورچیلەی سست بوون؛ ئەو منداڵە بەردەوام  هەناسەتەنگە و سنگ ئێشەی هەیە، دەبێت هەموو رۆژیکیش دوو بۆ سێ کاژێر ئۆکسجینی بۆ دابنرێت.
 
ستیرڤان فەتحی، ماوەی شەش مانگە ئازار ژیانی لێ تاڵکردووە، ئەو دەربارەی ئازارەکانی دەڵێت "سەر سەنگم زۆر ئازاری هەیە، زوو زوو هەناسەم کورت دەبێت و ناتوانم هەناسە بدەم، هەموو گیانیشم ئازاری هەیە کە تووشی هەناسە تەنگی دەبم".
 
هەفتان چوار رۆژ دەبێت فەتحی، ستیرڤانی کچی ببات بۆ نەخۆشخانە، هەموو رۆژانێکی یەکشەممە و چوارشەممەش دەبێت لە نەخۆشخانە شۆردنەوەی گورچیلە بۆ ستیرڤان ئەنجام بدرێت.
 
باوکی ستیرڤان دەڵێت، هەموومان ئامادەین گورچیلەی خۆمان بدەینە ستیرڤان، بەڵام پزیشکەکان رێگەمان پێنادەن لەبەر نەگونجانی تەندروستی.
 
فەتحی ئەحمەد، باوکی ستیرڤان بە رووداوی گوت، "هەموو خولەکێکی ژیانی کچەکەم بووەتە ئازار و هەموو رۆژێک دەبێت بیبەمە نەخۆشخانە، پزیشکەکان پێیان گوتووم تۆ ناتوانیت گورچیلەی خۆت بدەیت بە کچەکەت، چونکە تەمەنت زۆرە، دوو کوڕەکەشم کە تەمەنیان 14 و 15 ساڵە هەر ناتوانن، چونکە تەمەنەکەیان خوار 18 ساڵە، دایکیشی بەهۆی نەگونجانی خوێنیانەوە ناتوانێت گورچیلەی پێبدات، ئەوەش زۆر نیگەرانی کردووین".
 
رێزان فەتحی، برای ستیرڤانە و ئاماژەی بەوە کرد "هەموو شەوێک لەتاو ئازار خوشکەکەم خەوی نەماوە، هەر هاواری گورچیلەی دەکات، ئێمە بەس ئەوەندە داوا لە حکومەت و خێرخوازان دەکەین کە گورچیلەیەکی بۆ دابین بکەن، تەنانەت ئەگەر من رێگەم بدەن ئامادەم گورچیلەی خۆمی بدەمێ، چونکە من یەک خوشکم هەیە".
 
پزیشکە تایبەتییەکەی ستیرڤان دەڵێت گرووپی خوێنی ستیرڤان (ئۆ زائیدە) و گورچیلەکانی زۆر بچووکن، بەڵام تووشی کێشەی گەورەی کردووە.
 
د. دانا ئەحمەد رەشید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوی و گورچیلە بە رووداوی راگەیاند، "ستیرڤان لە دواهەمین قۆناخی نەخۆشییەکەیدا و هەموو هەفتەیەک دوو جار شۆردنەوەی گورچیلەی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەوە چارەسەر نییە، تاکە چارەسەر تەنها و تەنها گۆڕینی گورچیلەکانیەتی و ئێمەش وەکو پزیشکەکان ئامادەین لە نەخۆشخانەی حکومی و بە پارەیەکی زۆر زۆر کەم بۆی بکەین، بەڵام دەبێت سەرەتا گورچیلەکە پەیدا ببێت ئینجا نەشتەرگەری بکرێت".
 
بنەماڵەکەی ستیرڤان خەڵکی عەفرینن، لە ساڵی 2019 چوونەتە سلێمانی و لە گەڕەکی شێخان بە مانگانەی 250 هەزار دینار لە خانوویەکی کرێدان.