خوێندنی باڵا بەڕێژەی 10٪ لە قەرزی تواناسازی خۆشدەبێت

01-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ رایگەیاند "بەڕێژەی 10٪، لێخۆشبوون لە قەرزى تواناسازى جێبەجێ دەکرێت."
 
هەزاران خوێندکار لەڕێگەی پڕۆگرامی تواناسازیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوودمەندبوون و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان خوێندنی باڵایان تەواو کردووە. بەرنامەی تواناسازی لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو ساڵی 2014، لەگەڵ هاتنی داعش و بەهۆی قەیرانی دارایی، راگیرا.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ (دووشەممە، 1-7-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەشێکی ئەو خوێندکارانە کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە، پاکتاوی داراییان نەکردووە، ئێستا بەپێی ئەو گشتاندنە دەرفەتیان بۆ رەخساوە بە لێخۆشبوونی 10٪، بیکەن."
 
ئەو گشتاندنەی عەباس ئەکرەم باسی دەکات ژمارە (11576)ـی هەیە و لە بەرواری 24-6-2024 بە واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاراستەى سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ لە رێگەی پێگەکانییەوە گشتاندنەکەی بڵاوکردەوە و، دەڵێ ئەم گشتاندنە پاڵپشتە بە نووسراوى سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى وەزیران و، تێیدا هاتووە "بە رەچاوکردنى دۆخى دارایى و بەمەبەستى ئاسانکارى بۆ کاندیدانى پێشووى بەرنامەى تواناسازى، تاوەکو ماوەى گەڕانەوەى قەرزەکانیان، بڕیاردرا بە لێخۆشبوون بە رێژەى 10٪، بەمەرجێک بە یەک گوژمە قەرزەکانیان بدەنەوە لە ماوەى سێ مانگدا."
 
وەزارەتەکە هەروەها دەڵێ "ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەو کاندیدانەى پێشووى بەرنامەى تواناسازى، کە تاوەکو ئێستا پاکتاوى داراییان ئەنجام نەداوە، بۆ ئەوەی بتوانن پاکتاوى دارایى ئەنجام بدەن و سوودمەندبن لە بڕیارى لێخۆشبوون بە ڕێژەى  10٪ لە قەرزەکانیان."

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە