ئەنەکەسە: چەکدارانی جوانێن شۆڕشگێر بە کوتەک، دار و بەرد پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەران لە قامشلۆ دەکات و دەڵێت، دەیان چەکداری جوانێن شۆڕگێڕ، بە کوتەک، دار و بەرد پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دا. هاوکات داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات سەرکۆنەی بکات.
 
کاژێر 06:00 ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 01-07-2024، ژمارەیەک دانیشتووی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی دەستگیرکردنی چەند کەسێك لەلایەن هێزەکانی سەر بە پەیەدە گردبوونەوە، بەڵام لەلایەن گرووپی جوانێن شۆڕشێگر هێرشیان کرایەسەر.
 
رۆژی دووشەممە، 01-07-2024، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، گوتی ئەنجوومەنەکەیان داوایکردبوو دەمەوعەسری رۆژی دووشەممە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە قامشلۆ بکرێ.   
 
وەک ئەنجوومەنەکە باسی دەکات: " ئامانج تێیدا سەرکۆنەکردنی رفاندنی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بوو لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە، کە لەنێویاندا رۆژنامەنووس هەیە. هەندێکیان زیاتر لە سێ مانگە دەستگیرکراون، بەبێ ئەوەی کەسوکاریان هیچ زانیارییەک بزانن لەبارەی چارەنووس و شوێنیانەوە".
 
بەگوتەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، بۆ رێگریی لەو ناڕەزاییە جەماوەرییە چەکدارانی جوانێن شۆڕشگێڕی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان و چەکدارانی پەیەدە، شوێنی گردبوونەوەکەیان داخست، رێگریانکرد خۆپێشاندەران بگەنە شوێنی گردبوونەوەکە. بۆیە ئەنجوومەن بڕیاریدا شوێنی گردبوونەوەکە بگۆڕێ بۆ بەردەم بارەگای ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەن لە گەڕەکی سیاحی.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "لەکاتی گردبوونەوەی ئاشتییانە، دەیانە چەکداری جوانێن شۆڕگێڕ، بە کوتەک، دار و بەرد پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دا کە لە نێویاندا ژن هەبوون، بەهۆیەوە زیاتر لە 30 کەس برینداربوون، برینی بەشێکیان سەختە کە منداڵ و ژن هەن. ئەوانەی پەلاماریان داون، دروشمی پشتیوانیان بۆ پەکەکە دەگوتەوە. زیاتر لە دە ئۆتۆمبێل زیانی بەرکەوتوە کە هی دانیشتووانی گەڕەکەکە بوون کە بارەگای ئەنجوومەنی لێیە." 
 
سەرچاوەیەک لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەر یەک لە محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا، فەیسەل یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە، سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە، عەبدولسەمەد خەلەف برۆ و نیعمەت داود، ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە، دەستگیرکراون. دواتر ئازاد کران.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "بە تووندترین شێوە هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز سەرکۆنە دەکەین، کە بەشێوەیەکی هۆڤانە هێرش کراوەتە سەر خۆپێشاندەران، کە پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەواوی بەرپرسن".
 
ئەنەکەسە داوا لە هەموو چالاکییە کۆمەڵگاییەکان دەکات بە هەموو پێکهاتە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتی پەیوەندار لە سەرووی هەموویانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "ئەم تاوانە دەرهەق بە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز و ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی سەرکۆنە بکەن".
 
هەروەها داوادەکات "سنوورێک بۆ رەفتارە تیرۆیستییەکان چەکداری پەیەدە دابنرێ لە دژی ئازادی کاری سیاسی و چالاکی ئاشتییانەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد". هەروەک جەخت لەوەدەکاتەوە، کە بەرگری لە ئامانجەکانی دەکات، خەبات دەکات لە پێناو فەراهەمکردنی ئازادی بۆ جەماوەری گەلەکەیان و بەدیهێنانی مافی رەوای نەتەوەیی لە سووریایەکی دیموکراتی ئارام، بۆ هەموو سوورییەک.