گواستنەوەی مامۆستایان دەستپێدەکات و مانگێک بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کاتی گواستنەوەی مامۆستایانی دیاریکرد. داواش لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی وەزارەتەکە دەکات دەستوەردان لە پرۆسەکەدا نەکەن.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە لەلایەن ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە رۆژی دووشەممە، 1ـی تەممووزی 2024، واژۆکراوە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کراوە، بەپشتبەستن بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت، رێنماییەکانی گواستنەوەی مامۆستایانی تێدا روونکراوەتەوە.
رێنماییەکە تایبەتە بە گواستنەوەی مامۆستایان لەنێوان پەروەردەی قەزاکان کە لە رۆژی سێشەممە، 2ـی تەمموزەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 4ـی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.
مەرجەکانی گواستنەوە بریتین لە:
- هەر مامۆستایەک لە سنووری پەروەردەیەک دەگوازرێتەوە نابێت داوای دانانی مامۆستای نوێ لە شوێنی بکرێتەوە.
- دەرکردنی فەرمانی کارگێڕیی گواستنەوەی مامۆستایان تەنیا لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگا/ئیدارەی سەربەخۆدایە و ئەو دەسەڵاتە نابەخشرێت.
- دەبێت تاوەکو رۆژی 4ـی ئاب هەموو گواستنەوەکان لە سیستمی ئی پەروەردە پێشکێشکرابن، چونکە سیستەمەکە دوای ئەو رۆژە بەشێوەی ناوەندی دادەخرێت.
- قەدەخەیە بۆ هەر کەس لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت لە وەزارەتی پەروەردە دەستوەردان لە گواستنەوەی مامۆستایاندا بکات، ئاگاداری مامۆستایانیش بکەنەوە وەزارەت هیچ یاداشتێکی گواستنەوەی مامۆستایان وەرناگرێت.
- وەزارەتی ئەرکی تەنیا بەدواداچوون لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە بەشێوەی"دادپەروەرانە" دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە فۆرمی بەڵێینامەشی هاوپێچی نووسراوەکە کردووە کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە پڕدەکرێنەوە کە نابێت دوای گواستنەوەی هەر مامۆستایەک داوای هیچ مامۆستایەک نەکاتەوە.