حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ پەنابەرێکی سووریاییمان نەگەڕاندووەتەوە

01-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێکی سووریاییان بۆ ئەو وڵاتە نەگەڕاندووەتەوە، رەتیشیدەکاتەوە حکومەت پێدانی ڤیزەی بە هاووڵاتیانی سووریا راگرتبێت :"ئەوانەی سپۆنسەریان دیارە و پێویستیان بە ڤیزە هەیە بەپێی داواکاری شوێنی کارکردنیان پێیاندەدرێت."
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەداتەوە و دەڵێت: "هەواڵی ناردنەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان دوورە لە راستییەوە و بێ بنەمایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێکی سووری نەگەڕاندووەتەوە بۆ زێدی خۆی و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 250 هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستانن."
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: "ئەوانە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوی (UNHCR)ەوە تۆمارکراون."
 
سەبارەت بە پێدانی مافی نیشتەجێبوون و ڤیزە بە کرێکارانی بیانی بە گشتی، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونیدەکاتەوە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی سووری رانەگرتووە، بەڵکو ئەوانەی کە سپۆنسەریان دیارە و پێویستیان بە ڤیزا هەیە بەپێی داواکاری شوێنی کارکردنیان ڤیزایان پێدەدرێت، بە مەرجێک خۆیان تۆمار بکەن لە فەرمانگەی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی."
 
ئاماژە بۆ بڕیاری ژمارە (172)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێنمایی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 دەکات و دەڵێت لیژنەیەکی باڵا لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە.
 
بەگوتەی زێباری: "بەپێی ئەم بڕیارە رێژە و میکانیزمی کارکردنی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی لە پڕۆژەکاندا دیاریکراوە، هەر کرێکارێکی بیانی کە دەیەوێت ئیقامەی کار لە هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت، پێویستە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت و گرێبەستی کار و بیمەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت، لەم رووەوە ئاسانکاری کراوە لە دەستکەوتنی هەلی کار بەپێی مەرجەکان، ئەم رێکارانە بە هیچ شێوەیەک پەنابەران ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە رێگەی فەرمییەوە لە فڕۆکەخانەکان و لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دوای وەرگرتنی ڤیزە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2024، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) راپۆرتێکی بەناونیشانی: "عێراق، ناردنەوەی نایاساییانەی سوورییەکان، دەرفەتی سنوورداری تانەلێدان لە فەرمانەکانی ناردنەوە."، بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات عێراق بەزۆر هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەنێرێتەوە دیمەشق و بەشێکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان.
 
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ)، عێراق بە "پێشێلکردنی پابەندبوونەکانی" بەرامبەر بە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەگژداچوونەوەی ئەشکەنجە، تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "بەپێی پڕنسیپی نەناردنەوەی بەزۆر لە یاسای نێودەوڵەتی، نابێت هیچ کەسێک بەزۆر بنێردرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی تێیدا رووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە و ئەشکەنجە دەدرێت و رووبەرووی جۆری دیکەی سەرکوتکردن دەبێتەوە."
 
280 هەزار پەنابەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە عێراق و هەرێمی کوردستانن، بەپێی رێخراوەکە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن
 
رێکخراوەکە دەڵێت: "لە سێی نیسانی 2024، لەسەر داوای حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی مافی مانەوەی بە سوورییەکان راگرت."
 
لە نێوان 16 بۆ 26ـــی نیسانی 2024، رێکخراوەکە لەگەڵ حەوت سووری و کوردی رۆژئاوا لە هەولێر و بەغدا قسەی کردووە، چواریان لە فڕۆکەخانەی هەولێر چاوەڕوانی ناردنەوە بوون، چوار لەوانەی مافی مانەوەی عێراقیان هەبووە، سێ کەسیشیان لەلایەن کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمارکرابوون.
 
رێکخراوەکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەپەلە رێککارەکانی راگرتن و گرتن و ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران و ئاوارەکانی سووریا رابگرێت، دەشڵێت: "پێویستە سیستمی گونجاو بۆ دیاریکردنی دۆخی پەنابەرێتی بدۆزێتەوە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گونجاو بێت."
 
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە