کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ فەرمانبەران و دەرچووان : لە 4ـی مانگەوە دەتوانن ناوتان تۆماربکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستیان بە زیاتر لە 42 هەزار فەرمانبەر بۆ رۆژی هەڵبژاردن هەیە، رۆژی 4ـی ئەم مانگەش لینکی پێشکێشکردن بۆ 20 رۆژ کارا دەبێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 42 هەزار فەرمانبەر دەبێت بۆ ئەوەی بە گرێبەست بۆ رۆژی هەڵبژاردن دابمەزرێن."
هێشتا بڕی ئەو پارەیەی پێیاندەدرێت دیارینەکراوە، جومانە غەلای دەڵێت، دواتر بڕەکەی لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە دیار دەکرێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەروەها روونیکردەوە، ئەوانەی کە پێشتر نەیانتوانیوە ناوی خۆیان تۆماربکەن، دەتوانن لەرێگەی ئەم لینکەوە (www.Pcemp.ihec.iq) داواکاری پێشکێشبکەن، کە لە رۆژی 4ـی ئەم مانگەوە تاوەکو رۆژی 23ـی مانگ کارا دەبێت.
ئەوانەی دەتوانن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناویان پێشکێش بکەن بریتین لە:
- فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی دەوڵەت، جگە لە هێزەکانی ئەمنی و سەربازی.
- خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان و دەرچووان، نابێت بڕوانامەکانیان لە دبلۆم کەمتر بێت.
رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20-10-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی شەشەمى پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ کۆتایی دەهات.
لە 30ـی ئایارى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، بە پاساوى ئەوەى "نادەستوورییە."