سەرۆک و گوتەبێژی ئەنەکەسە لە قامشلۆ لەلایەن جوانێن شۆڕشگێڕەوە دەستبەسەر دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

گرووپی جوانێن شۆڕشگێر لە رۆژئاوای کوردستان، کە بە گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراون، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان سەرۆک، گوتەبێژ و سێ سەرکردەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەستبەسەر دەکەن.
 
کاژێر 06:00 ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 01-07-2024 ژمارەیەک دانیشتووی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە بەردەم بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی دەستگیرکردنی چەند کەسێك لەلایەن هێزەکانی سەر بە پەیەدە گردبوونەوە، بەڵام لەلایەن گرووپی جوانێن شۆڕشێگر هێرشیان کرایەسەر.
 
سەرچاوەیەک لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند،  هەر یەک لە محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا، فەیسەل یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە، سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە، عەبدولسەمەد خەلەف برۆ و نیعمەت داود، ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە، دەستگیرکراون.
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان 50 کەس کە لە ئۆفسیی ئەنەکەسەن، لەلایەن جوانێن شۆڕشگێرەوە گەماڕۆدراون و ناتوانن بێنە دەرەوە.