ئومێد خۆشناو: ئامانجی تۆڕە تاوانکارییەکەی پەکەکە، تێکدانی ئارامیی هەولێرە

01-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایدەگەێنێت، ئامانجی ئەو تۆڕەی پەکەکە کە "لەپشت رووداوی ئاگرەکانی کوردستانەوە بوون"، بۆ "تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەولێر و لێدان لە ئابووری و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاونیشتمانییان بووە."
 
رۆژی دووشەممە (01-07-2024) دوای راگەیاندنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی پشت ئاگرەکانی هەولێر و کەرکووک، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "ئەو گرووپە تیرۆرستییە، مەرامیان بوو گورزی کوشندە لە ئابووریی هەموو خەڵک بدەن و دەست لە هیچ بازاڕ و شوێنێکى هەولێرى پایتەخت نەپارێزن، زیانى گەورە بە ژێرخانی ئابووریی شارەکەمان بگەیێنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا، کە توانرا بە لێهاتوویی و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکان هەر زوو ئەو دەستە ڕەشە نەگریسە ئاشکرا بکرێت، بە سزای عادیلانەى خۆیان بگەن"
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: "هێزەکان توانیان لە ماوەیەکى کەمدا و بە هاوبەشى لەگەڵ یەکدی ئەو تۆڕە تاوانکارییە تیرۆرستییە ئاشکرا بکەن و دەستگیریان بکەن کە یەکێکیان سەرپەشتیارى تاقمەکەیە بەناوى 'هونەر فەخرەدین ئەحمەد' کارمەندی یەکەی 70یە، ئەوەی دیکەشیان 'محەممەد نەجات حەسەن' ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی (CTG) و لەلایەن راهێنەرانی چەکدارانی 'پەکەکە' راهێنانیان پێکراوە."
 
بەگوێرەی گوتەکانی ئومێد خۆشناو: "لە دانپێدانانەکانیان ئاشکرایان کردووە لە بەرنامە و پیلانیان دابووە وێڕاى سووتاندنی بازاڕەکانی لەنگە و قەیسەری، شوێنى دیکەى هەولێریش بە هەمان شێوە بسووتێنن، لەوانە (بازاڕى میللی و شوێنى بازرگانى و کێڵگەى کشتوکاڵى و پاڵاوگە و شوێنە گەشتیارییەکانى شەقڵاوە و سیروان مۆڵ و هێڵى گواستنەوەى کارەبا)."
 
رووداوی ئاگرەکانی هەولێر گومانی لای پارێزگار و بەرپرسانی شارەکە دروست کردبوو و لەوبارەیەوە گوتی"هەر ئەو کات رامانگەیاند، کە گومانمان لەو رووداوانە هەن، هەر کاتێک ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بوون، چاوپۆشی لە کەس ناکەین، دڵنیاییمان دا بە هاووڵاتییان ئەنجامدەرانی ئەو کارە بۆ رایگشتی ئاشکرا دەکەین." 
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئومێد خۆشناو سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دەکات و لەبارەی نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانەی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە دەڵێت: "نۆژەنکردنەوەى بازاڕى لەنگەى لە قۆناغى کۆتایدایە، لە هەردوو بەشى بازاڕی قەیسەری، قەیسەریی کۆن و قەیسەریی نوێ، لە سەر فەرمان و راسپاردەى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە گوژمەی (پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە و بەکارکردنى سێ شیفت و بە شەو و رۆژ نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بەردەوامە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە