وەزارەتی کشتوکاڵ: هەموو گەنمێکی شایستە بە بنەتۆو دەکڕدرێتەوە

01-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بنەتۆوی ساڵی داهاتوو دەکڕنەوە.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو جووتیارێک گەنمی بنەتۆو بەرهەم ناهێنێت؛ "ئەو جووتیارانەی گەنمی بنەتۆو بەرهەم دەهێنن کەسانی تایبەت و نموونەیین و پشت بە توێژینەوەکان دەبەستن."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاندووە، "پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 812 لە 27-06-2024، بڕیاردرا بە کڕینەوەی بنەتۆوی گەنمی جووتیاران لەلایەن هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان بە نرخی 860 هەزار دینار بۆ پلەی باوەڕپێکراو و 885 هەزار دینار بۆ پلەی تۆمارکراو بۆ هەر تۆنێک."
 
هیوا عەلی دەڵێت، "گەنمی پلە یەک بۆ بنەتۆو وەردەگیرێتەوە، ئەویش بەو ئامانجەی بڕشتی گەنم لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکات."
 
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
 
بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
 
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.