گوتەبێژی یەکێتی: ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵمان پەیوەندییان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەیە

01-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی.
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت، تۆمەتبارکردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە هەبوونی دەست لە ئاگرکردنەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان "بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن." دەشڵێت، ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان دەکەن "بابەتی شەڕی ناوخۆیە."
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی تەممووزی 2024، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر گوتی: "خۆمان ئامادە دەکەین بۆ هەڵبژاردن نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ، هەروەها ئەم حیکایەتانە کە ئاراستەی یەکێتییە زۆر بە تووندی رەتی دەکەینەوە و هیچ لایەنێک ناتوانێت دەستە چەورەکەی بەسەر ئێمەدا بسڕێت، چونکە پەیوەندیمان بە ئاگرەکانەوە نەبووە و ئەو قسانەی کە دەکرێن سیناریۆی چەوتن".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا تۆڕێکیان ئاشکرا کرد کە تۆمەتبارکراون بە سووتاندنى چەند شوێنێک لە کەرکووک و هەرێمى کوردستان. 
 
هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گوتى: "سەرپەرشتیارى تۆڕەکە ناوى هونەر فەخرەدین ئەحمەدە و کارمەندى هێزەکانى حەفتایە، یەکێکى دیکەیان، ناوى محەممەد نەجات حەسەنە و ئەفسەرە لە دژەتیرۆرى سلێمانى، لەلایەن پەکەکەوە لە کفرى و سلێمانى و سەنگەسەر راهێندراون بۆ ئەوەى ئەو کارانە بکەن."
 
گوتەبێژەکەی یەکێتی لەو بارەیەوە، روونیکردەوە: "هەموو لایەکمان هەوڵماندا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەین، زانیمان بەدواداچوون کراوە و خەڵک دەستگیرکراوە، بەتایبەتی هەواڵگری عێراق ئاگاداری کردینەوە کە کەسێک گیراوە جوندییە لە دژەتیرۆر، دانپێدانانی کردووە کە 800 دۆلاری وەرگرتووە بۆ ئەو کارە، ئەمە هەشت تا نۆ مانگ پێش ئێستا بوو، ئەوکات دژەتیرۆر هەموو ئیمتیازاتێکی ئەم جوندیەی بڕی و کەوتە هاوکاری دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، ئەمڕۆش ئەنجامەکانی ئاشکرا کرا و گوێمان لە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرت کە باسی تاوانبارەکان دەکات و باسی لێکۆڵینەوە دەکات و بە گوتەی ئەوانە کە دەستگیرکراون ناوی حیزبێکی سیاسی دەهێنیت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی دژەتیرۆر و یەکەی 70 ناهێنێت."
 
بەڵام وەکو خۆی دەڵێت: "کە قسەکان بووە کوردی و لەلایەن نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە قسەکان دەکرا، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد لە دژی یەکێتی کە گوایە یەکێتی وای کردووە و دژەتیرۆر وای کردووە، ئێمە هێزێکی گەورەی سیاسین و پارتیش هێزێکی گەورەی سیاسییە و حزبی دیکەی گەورە هەن، دەکرێت هەندێک کەس خۆیان لەسەر ئێمە حساب بکەن، بەڵام نێردراوە، زۆرکەس خزاوەتە ناو کارێکی قێزەون و خۆی لەسەر ئێمە حساب دەکات، ئێستا پاش ئەو هەموو قڕە و بڕەیە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ."
 
هاوکات. باس لەوە دەکات "ئەوەی ئەوان دەیکەن بابەتی شەڕی ناوخۆیە، چونکە ئەوەی کە گیراوە و تاوانبارە دەڵێت 800 دۆلارم وەرگرتووە، بۆ لێی ناپرسن لەکێی وەرگرتووە؟ بە دڵنیاییەوە لە یەکێتی وەرنەگرتووە، یەکێتی ئەوکات ئیدانەی کردوە و ئێستاش ئیدانەی دەکات و هاوکاری هەموو لایەکی کردووە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە