هێزەکانی 70: پەیوەندییمان بە رووداوی ئاگرەکانەوە نییە، بۆ مەرامی تایبەت ناومان هێنراوە

01-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی 70ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رەتیدەکەنەوە، پەیوەندییان بە رووداوی ئاگرەکانی هەولێر و کەرکووک و دهۆکەوە هەبووبێت و دەڵێن: "بۆ مەرامی تایبەت وەك تۆمەت ئاماژە بە ناوی هێزەكانمان و سنووری سلێمانی کراوە." 
 
رۆژی دووشەممە، 01-07-2024 هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئەنجامدەرانی تاوانی ئاگرەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک-یان ئاشکرا کرد.
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا چەند کەسێک بەجلوبەرگی زەردەوە دەرکەوتن، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ گوتی: "ئەو تۆمەتبارانەى ئێستا لەبەردەمتاندان، سەر بە تۆڕێکى قەدەخەکراون، کە پەکەکەیە."
 
هێزەکانی 70 لە روونکردنەوەکەیاندا باس لەوە دەکەن کە "بەڕێز گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕوونی ئاماژەی بە زانیارییەكاندا بەبێ ئەوەی ناوی هیچ هێزێك بهێنێت." بەڵام "‎جێگەی نیگەرانی و سەرسووڕمانە كە تەنیا نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بە مەرامی تایبەت و وەك تۆمەت ئاماژە بە ناوی هێزەكانمان و سنووری سلێمانی دەكات."
 
"ئەم کەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێکی دیکەمان ئەو کارەیان کردووە، نە پەیوەندیی بەهێزەکانمانەوە هەبووە." ئەمە بەپێی روونکردنەوەی هێزەکانی 70.
 
لە روونکردنەوەکەدا باس لەوەشکراوە، کە ‎ئەوان چاوەڕێی رێڕەوی تەواوی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقن تاوەكو "راست و دروستی دوور لەمەرام و پیلانی ناڕەوا" بۆ رایگشتی ئاشکرا بکەن.
 
دەشڵێن: "هەر كەس و لایەنێك لەپشت سووتاندنی بازاڕەكانەوەیە، رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن." 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە