لە کامپی تازەدێی کەلار دوو برا ماڵیان سووتا

رووداو دیجیتاڵ

لە کامپی تازەدێ لە قەزای کەلار، ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە شەش کابینە سووتان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کەلار دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانیی نەبووە.
 
رۆژی شەممە 1ـی تەمموزی 2023، ئیبراهیم محەممەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ئاگر لە کامپی ئاوارەکانی تازەدێ کە تایبەتە بە ئاوارەکان، کەوتەوە و بەهۆیەوە شەش کابینە سووتان".
 
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کەلار ئاماژەی بەوەکرد، شەش کابینەکە دوو ماڵی تێدا ژیاون کە بران بە ناوەکانی سامر و سەعد عەبدولکەریم. گوتیشی ئاگرەکە "تەنیا زیانی مادی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی نییە".
 
ئیبراهیم محەممەد ئاماژەی بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە کرد و گوتی، شۆرتی کارەبا بووە.
 
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو  7 هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
 
لە گەرمیان دوو کامپی ئاوارەکان هەن. کامپی تازەدێ و قورەتوو و ئەو کەسانەی تێیاندا دەژین، ئاوارەی پارێزگاکانی عێراقن.