بەدواداچوونی رووداو بۆ کوالێتیی تایەی ئۆتۆمبێل؛ هەیانە بەرگەی وەستانێکی لەناکاو ناگرێت و گەرەنتیشی نییە

01-07-2023
نزار جەزا
بەدواداچوونی رووداو بۆ کوالێتیی تایەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان
بەدواداچوونی رووداو بۆ کوالێتیی تایەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن تایەی ئۆتۆمبێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە رووداوەکانی هاتووچۆ پەیوەندیدارن بە کوالێتیی ئۆتۆمبێل و بەشەکانییەوە، تایەش یەکێکە لەو بەشانەی لە هەندێک حاڵەتدا هەندێک لە بەرپرسیاریێتی رووداوەکانی بەردەکەوێت، تیمی رووداو بەدواداچوونیان بۆ کوالێتیی تایەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەردەکەوێت: ئەو تایانە دروستکراوی چەندین وڵاتن، لەڕووی کوالێتی و جۆرەوە جیاوازن، بەشێکیان بەرگەی وەستانێکی لەناکاو ناگرن و تووشی رووداوت دەکەن و بەشێکی زۆریشیان هیچ گەرەنتیێکیان نییە.
 
لە بەدواداچوونی تیمەکەی رووداو بۆ کوالێتی تایە لە هەرێمی کوردستان، بەراوردی دوو جۆر تایە دەکرێت، کە هەمان قەبارەیان هەیە بەڵام نزیکەی کیلۆیەک لە کێشیان جیاوازە.
 
هەژیر ئەبوبەکر، شارەزا لە بواری میکانیک سەبارەت بەو جیاوازییە دەڵێ، "ئەم کیلۆیە لە هەموو بەشەکانی تایەکە کەمکراوەتەوە، بەرگەی وەستانێکی لەناکاو ناگرێت و بەشێکی تایەکە لێدەبێتەوە یان سیمی تایەکە دەشکێت".
 
هەژیر هەروەها باسی ئەوە دەکات "ئەم تایانە کوالێتییان نزمە، کە بەرواری دروستکردنیشیان کۆن بێت، تایەکە لەکاتی لێخوڕیندا زۆر گەرم دەبێت و دەتەقێت، ئەگەریش تایەکە خوار بوو، بڵانس وەرناگرێت و لە خێراییەکی دیاریکراودا سووکان دەلەرزێت و کۆنترۆڵ لەدەستی شۆفێر دەردەچێت".
 
بەشێکی تایە هاوردەکراوەکان دەخرێنە نێو یەکدییەوە، یان کەپسدەکرێن بۆ ئەوەی بە کەمترین جێگە و تێچوو، بهێندرێنە هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی شکان و تێكچوونی دەقی تایەکە.
 
بازرگانێکی تایەی ئۆتۆمبێل جەخت دەکاتەوە لەوەی "نزیکەی چوار جۆر تایەی چینی هەن، بەڵام سەتان ناوی جیاوازیان هەیە و بەگشتی کوالێتییان خراپە و هیچ گەرەنتیێکیان نییە".
 
بازرگانەکە باسی ئەوە دەکات تایەی کوالێتی نزم بە کوالێتی بەرز دەفرۆشرێت، "شۆفێریش نازانێت کوالێتی چۆنە. ئەم تایانە هیچ گەرەنتیێکیان نییە پێوەی بچیتە رێگەی دەرەوەی شار، چونکە ئەگەری هەیە لە بچووکترین تاسەدا، بتەقێت".  
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو, زۆرترین ئەو ئۆتۆمبێلانەی تایەیان لەژێردا تەقیوە، بارهەڵگرەکانن. 
 
ئالان بەکر، شۆفێری بارهەڵگرە و پشتڕاستی دەکاتەوە، دەشڵێ "تایەم کڕیوە بەشی مانگێکی نەکردووە، یان بە تازەیی یەک بارم پێی گواستووەتەوە و تەقیوە، لەکاتێکدا بە کوالێتی باش کڕیومە".
 
رەنج عەبدوڵا، شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگر دەڵێ "تایەی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەم تەقیوە و زیانی 800 بۆ هەزار دۆلارم بەرکەوت، چونکە کوالێتی تایەکە باش نەبوو".
 
کەسێکی دیکە کە زانیاریی لەبارەی کوالێتیی تایە لە هەرێمی کوردستان بە تیمەکەی رووداو داوە، پەنچەرچییەکە، کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەهۆی خراپیی کوالێتیی تایەوە سێ کەسی نزیکی لەکاتی تێکردنی هەوادا، تایەیان تەقیوە و دووانیان گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیشیان بریندار بووە. 
 
رزگار عەبدولرەحمان، پەنچەرچی روونی دەکاتەوە "تایە، هەیە بەپێی ئەو نووسینەی لەسەریەتی دەبێت 20 قات سیم بێت، بەڵام نزیکی 12 قاتی تێدایە، ئەو تایانە دەبێت پشکنینیان بۆ بکرێت، بەڵام کاتێک لە بەغداوە دەهێنرێن، نازانین ئایا پشکنینیان بۆ کراوە یان نا".
 
تەنیا لە دوو کۆگادا مانگانە نزیکەی 300 تۆن تایەی بێ کەڵک دەکڕدرێنەوە.
 
محەمەد جەلیل، سەرپەرشتیاری کۆگای کڕینی تایە و ئاسن سەبارەت بە تایەکانی نێو کۆگاکەیان دەڵێ "تایەی بەروار 2020 و 2021ـیش هێنراون کە خراپ بوون و کڕیومانەتنەوە، تایەی 2023ـشی تێدایە، بەڵام ئەمانە لەگەڵ هەر چوار تایەکە هێنراون، واتە خۆیان بەتەنیا خراپ نەبوون".
 
نرخی تایەکان بەپێی کوالێتی و جۆریان دەگۆڕدرێت، بۆ نموونە چوار تایەی لاندگرۆزەر بەکوالێتی بەرز بە 700 دۆلارە، کوالێتیی نزم بە هەمان نەخش بە 300 دۆلارە. کوالێتی نزمەکان 20 هەزار کیلۆمەتر و کوالێتی بەرزەکان نزیکەی 90 هەزار کیلۆمەتر رێدەکەن.
 
لەم راپۆرتە بنکۆڵکارییەی رووداودا دەردەکەوێت؛ دەیان جۆر تایە بە کوالێتیی جیاواز لە بازاڕەکاندا هەن، کە جیاکردنەوەیان شارەزایی پێویستە، شۆفێریش نایاناسێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی لەژێر ئۆتۆمبێلەکەیدا خراپ دەبێت یان دەتەقێت.
 
دواتر تایە بێ کەڵكەکان کیلۆی بە 45 دینار دەفرۆشرێت، پاشان ورد دەکرێن و لە پیشەسازیی دیکەدا بەکاردەهێندرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە