ئیتڵاعاتی ئێران: رژێمی زایۆنی هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت، دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسانی سەر بە ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن و دەچنە وڵاتانی دیکە.
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە رێوڕەسمێکدا لە تاران بە ئاماژەدان بە ناڕەزاییەکانی ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران گوتی، دوژمنەکانیان لە رووخاندنی کۆماری ئیسلامی بێهیوا بوون و ئێستا دەیانەوێ مامەڵەی دەسەڵات بگۆڕن.
بە گوتەی ئیسماعیل خەتیب، دوژمنەکانیان لە رێگەی دروستکردنی تۆڕی جیاواز لە نێوخۆی ئێران، بەرزکردنەوەی دروشمی چاکسازی و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران هەوڵدەدەن، شوناسی دەسەڵات بگۆڕن، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نابن.
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران دەڵێت، کەسانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و کەسانی سەر بە ئیسرائیل خەریکە هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن و بنکەکانیان دەبەنە وڵاتی دیکە.
قسەکانی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە کاتێکدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر چەندینجار بوونی کەسانی سەر بە ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان رەتکردووەتەوە.