ژمارەیەک گەشتیار بە ئۆتۆمبێلی کلاسیکەوە سەردانی دهۆک دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک گەشتیار بە ئۆتۆمبێلی کلاسیکەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک دەکەن. گەشتیارەکان خەڵکی شارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقن و بۆ گەشتکردن چوونەتە دهۆک. نرخی ئۆتۆمبێلە کلاسیکییەکان لەنێوان 30 بۆ 250 هەزار دۆلار دەبێت.
مەحموود یەحیا زیاتر لە 25 ساڵە ئۆتۆمبێلێکی کلاسیکی مۆدێل 1955ی کڕیوە؛ ئۆتۆمبێلەکە 31 ساڵ بەر لە دایکبوونی مەحموود دروستکراوە. حەوت ساڵ کاری تێدا کردووە و زۆربەی کەلوپەلەکانی لە ئەمریکا هێناون. ئێستا ئەو یەکێکە لە ئەندامانی گرووپی کلاسیک.
مەحموود دەڵێت، "ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە کاری لەسەر دەکەین، لە شاسییەکەیەوە هەموویمان نۆژەنکردووەتەوە. کاری ئاسنگەری، بۆیەکردن، دانانی کوشنەکان و بزوێنەرەکەی و هەموو شتێکیمان گەڕاندووەتەوە سەر شێوە رەسەنەکەی."
عەلا لعێبی، سەرپەرشتیاری گرووپەکەیە و دەڵێت، "ئێمە گرووپی کلاسیکەکانی عێراقین. ئێمە نوێنەرایەتیی مێژووی عێراق دەکەین، لە هەموو روویەکەوە، نەک تەنیا لە رووی ئۆتۆمبێلەوە. هەر پارێزگایەک کەلەپووری خۆی هەیە. ئێمەش نوێنەرایەتیی کەلەپووری بەغدا، کەلەپووری موسڵ و کەلەپووری بەسرە دەکەین کە بەم ئۆتۆمبێلە کلاسیکانە جیادەکرێنەوە."
بەگوتەی ئەندامانی گرووپەکە، نرخی هەر ئۆتۆمبێلێکیان لەنێوان 30 بۆ 250 هەزار دۆلارە.
ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکان کە مۆدێلەکەیان بۆ ساڵانی نێوان 1946 بۆ 1960 دەگەڕێتەوە، سەرنجی گەشتیارانیان راکێشا و وێنەی یادگارییان لەگەڵ گرتن.
شڤان عوسمان، گەشتیارێکی کوردە و دەڵێت، "ئەمڕۆ چەند ئۆتۆمبێلێکی کلاسیک سەردانی گەلیی کانی مازێیان کردووە، ئێمەش پێی دڵخۆشین. حەزدەکەین هەمیشە شتی وا سەردانمان بکات."