فراکسیۆنی یەکێتی: کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دەکەین

01-07-2023
هیدایەت جان
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق.
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی سەردانی خێوەتی جووتیارانی تۆپزاوای کەرکووکیان کرد کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و وەرگرتنەوەی زەوییەکانیان مانیان گرتووە و دەڵێت، "پشتیوانی لە داواکاریی جووتیارانی سنووری مادەی 140 دەکەین و لە پەرلەمان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و لیژنەی کاروباری باکوور دەکەین".
 
رۆژی شەممە، 01-07-2023 هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە خێوەتی جووتیارانی مانگرتوو رایگەیاند، "هەندێک لایەنی شۆڤێنی لە عێراق هەن کە دەیانەوێ لەمپەر بخەنە بەردەم بڕیاری سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 بۆ راگرتنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و لیژنەی کاروباری باکوور. ئەو بڕیارانە لە سەردەمی رژێمی بەعس دراون بۆ بەعەرەبکردنی ناوچەکە و داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان و عەرەبی رەسەنی ناوچەکە".
 
رۆژی 19-06-2023 هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140، نووسراوێکى ئاڕاستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کرد و تێیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـی ساڵى 2012 کردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو کاتی عێراقەوە دەرکرا بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بڕیارەکانى کاروبارى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتی بەعس، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و جووتیارانی ئەو سنوورەش وەکو ناڕەزایەتی بەرامبەر زەوتکردنی زەوییەکانیان مانیان گرتووە و لە تۆپزاوای کەرکووک لەسەر زەوییەکانیان خێوەتیان هەڵداوە.
 
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، "بەپێی دەستووری عێراق، داواکاریی جووتیارانی خەڵکی رەسەنی تۆپزاوا داواکارییەکی راست و رەوایە. ئەوان دەیانەوێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بەتەواوەتی هەڵبوەشێندرێنەوە کە کاتی خۆی رژێمی بەعس بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەریکردوون، ئەمەش دەبێت لە پەرلەمانی عێراق چارەسەر بکرێت".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە کە "ئەم خێوەتە سەنگەری راست و رەوای دەستووری عێراقە و مافی رەوای خەڵکی ناوچەکەیە" و دەشڵێت؛ "ئێمەش وەکو پەرلەمانتاران بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و لیژنەی کاروباری باکوور، پاڵپشتیتیان دەکەین و ناشبێت هێزە ئەمنییەکانی عێراق ببنە بەشێک لە کێشەکان لەم ناوچەیە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."