لە ناحیەیەکی هەورامان 388 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی؛ هەر هەشت کەسیان ئاژەڵێکیان بەردەکەوێت

01-07-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن جەژنی قوربان ناحیەی بانەوەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەیەکی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی سێ هەزار کەسە، 388 ئاژەڵ کراوەتە قوربانی و بە هەر هەشت کەس ئاژەڵێکیان بەرکەوتووە.
 
لە ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە لە جەژنی قورباندا دانیشتووانی ناحیە و گوندەکان بە هەرەوەزی ئاژەڵەکان دەکەنە قوربانی و بەسەر دانیشتووانی ناوچەکەیاندا دابەشی دەکەن. ئەمساڵ لە ناحیەی بانەوەری سەر بە قەزای باینگانی شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانی سێ هەزار و 183 کەسە، 388 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک کراونەتە قوربانی.
 
تالیب حەیدەری، قایمقامی قەزای باینگان بە میدیاکانی راگەیاند، "جەژنی قوربانی ئەمساڵ لە ناحیەی بانەوەری هەورامان 388 ئاژەڵ لەلایەن خەڵکی ناحیەکەوە کۆکراونەتەوە. ئەوان هەموویان بەیەکەوە سەربڕیون و گۆشتەکەیان بەسەر دانیشتووانی ناحیەکە، بە یەکسانی دابەشکردووە".
 
بە گوتەی تالیب حەیدەری، نزیکەی 200 کەس لە خەڵکی بانەوەر ئەو 388 ئاژەڵەیان سەربڕیوە و گۆشتەکەیان بە یەکسانی بەسەر ماڵەکاندا دابەش کردووە، گوتیشی، "ئەو نەریتە چەندین ساڵە لە بانەوەر جێگەی گرتووە و ئێستا لە قەزا و ناحیە و تەنانەت شارەکانی دیکەش خەڵک فێربوون بە هەرەوەزی ئاژەڵی قوربانی سەردەبڕن و دابەشی دەکەن".
 
بەگوێرەی قایمقامی باینگان، ژمارەی دانیشووانی ناحیەی بانەوەر سێ هەزار و 183 کەسە، بەو پێیەی 388 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی، بە هەشت کەس یەک ئاژەڵیان بەرکەوتووە.
 
ناحیەی بانەوەری سەر بە شاری پاوە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کرماشان و 130 کیلۆمەتر لە شاری کرماشانەوە دوورە.
 
ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیاتر لە 700 شار، قەزا، ناحیە و گوند پێکهاتووە. هەورامان لە تۆماری فەرهەنگی و کەلەپووریی یونیسکۆدا وەک ناوچەی کەلەپووریی جیهان بە فەرمی تۆمارکراوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە