کشتوکاڵی کانی ماسێ: لەماوەی یەک ساڵدا 671 کورەی هەنگ لەنێوچوون


رووداو دیجیتاڵ

حوسێن راڤینی، هەنگەوانێکی گوندی راڤینایە لە دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری ئامێدی، ئەو ساڵانی پێشوو مێشەکانی دەبردە چیا و لەوێ بەخێوی دەکردن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی نزیکبوونەوەی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە گوندەکان و هەبوونی مەترسی لەسەریان، لەبەردەم ماڵەکەیدا مێشەکانی بەخێودەکات.
 
حوسێن راڤینی دەڵێت، لەماوەی تەنیا یەک ساڵدا 38 کورەی هەنگی لەدەستداوە و، هەروەها خۆیشی بەهۆی تەقینەوەی مینێک بەشێک لە بینایی چاوەکانی لەدەستداوە و دەشڵێت: "ئەمساڵ مێشەکانم باش نین، ساڵانی پێشوو دەمبردنە زۆزان لە ناوچەکانی سەرزێڕی و بناڤیێ و هەدێنە، بەڵام ئەمساڵ ناوێرین بیانبەینە ئەو شوێنانە، چونکە دەوروبەری گوندەکەمان هەمووی تۆپباران دەکرێت، ئەوەش وایکردووە بەرهەمی هەنگەکەمان کەمبێتەوە."
 
بەگوێرەی ئاماری هۆبەی کشتوکاڵی کانی ماسێ، لەماوەی ساڵێکدا بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، 671 کورەی هەنگ لەنێو چوون، هەروەها ساڵی رابردوو، پێنج هەزار و 582 کورەی هەنگی سرووشتی و پێشکەوتوو هەبوون، بەڵام ئەمساڵ بۆ چوار هەزار و 911 کورەی هەنگ کەمبوونەتەوە.
 
شیمال سلێمان، هەنگەوانە و بە رووداوی گوت: "لە هەندێک شوێن لە گوندەکانی سەروو هەندێکجار لە یەک کورەدا 10 کیلۆمان دەبڕییەوە، لەسەرەوە شوێنەکە بۆ مێش گونجاوترە و کەشوهەواکەی باشترە، ئەگەر ئەم مێشە ببرێتە شوێنێکی دیکە لەوانەیە لە یەک کورەدا 20 کیلۆ هەنگوین ببڕیتەوە."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو لە دەڤەری بەرواری باڵا 12 تۆن و 218 کیلۆ بەرهەمی هەنگوین هەبوون، هەرچەندە ئەمساڵ تاوەکو ئێستا کاتی بڕینەوەی بەرهەمی هەنگوین نەهاتووە، بەڵام بەگوتەی هەنگەوانەکانی سنوورەکە و ئەو دۆخەی کە بەهۆی شەڕەوە لەو ناوچەیە دروستبووە، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە ناوچەکە کەمتر دەبێتەوە.