رووداو رادیۆ
بەڕێوەبەری نەخشەدانانی دهۆک رایدەگەیێنێت، پلانیان ئەوەیە ناوچەکانی دەرەوەی دهۆک لە رووی پیشەسازی و بازرگانییەوە چالاک بکەن بۆ ئەوەی جەنجاڵیی ناوشار کەم بکەنەوە.
ئیلیا سادق، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پلانمان ئەوەیە کە ناوچەکانی دەرەوەی دهۆک لە رووی پیشەسازی و گەشتیارییەوە چالاک بکەین بۆ ئەوەی جەنجاڵیی ناوەندی شار کەم ببێتەوە."
ساڵانێکە ماستەرپلانی دهۆک لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە کێشراوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ئەو ماستەرپلانە کاری پێ ناکرێت و هەڵوەشێنراوەتەوە.
بەڕێوەبەری نەخشەدانانی دهۆک گوتی: "ماستەرپلانی دهۆک 10 ساڵ پێشتر کێشراوە، هەڵنەوەشێنراوەتەوە و ئێستاکە لە بواری جێبەجێکردندایە کە ماوەی جیبەجێکردنەکەی 35 ساڵە و هەر پێنج ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوە. تاوەکو ئێستا رێژەیەکی باشی لێ جێبەجێ کراوە."
ئیلیا سادق گوتیشی: "ئەگەر بودجەمان لە بەردەستدا نەبێت، ئەوا جێبەجێکردنی ئەو ماستەرپلانە دوا دەکەوێت، چونکە پێویستی بە پارەیە. لە ماستەرپلانەکەدا تونێل، بەرزەپرد، ژێرتێپەڕ، ناوچەی پیشەسازی، باخچەی ئاژەڵان و چەندی رێگەی کەمەرەیی هەن. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکانە."
بەڕێوەبەری نەخشەدانانی دهۆک ئاماژەی بەوە دا کە ئێستاکە بۆ ئەوەی جەنجاڵیی هاتووچۆ کەم بکەنەوە زیاتر لە توونێل پێویستیان بە دروستکردنی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ