فراکسیۆنی یەکێتی: پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکەین

 
رووداو - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرایدەکات، حکومەت یاسای چاکسازیی وەکو خۆی جێبەجێ دەکات و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت "یەکێتی پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاساکە دەکات"، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش پێیوایە رێگری لە جێبەجێکردنی دەکرێت و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش ترسی لە جێبەجێکردنی یاساکە هەیە.
 
جەمال حەوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، یاسای چاکسازی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە و هەنگاوێکی گەورەی سەرەتاییە بۆ پاکسازی و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمەتباردەکەن بە رێگریکردنی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و دەڵێت "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ تێبینییەکی لەسەر یاسای چاکسازی نییە و بەتەواوی پشتیوانی لە جێبەجێکردنی دەکات و سڵ لە هیچ کەس و لایەک ناکاتەوە مووچەکەی ببڕێت، ئەگەر تاوەکو ئێستا بە ناشایستەیی وەریگرتبێت"، هەروەها گوتیشی "چەندین ساڵە گەندەڵی لە هەموو کەرت و سێکتەرەکان بڵاوبووەتەوە، بەڵام مەبەستمانە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەمووی لاببەین".
 
جەمال حەوێز هیوای خواست یاسای چاکسازی تەنیا خەرجییەکانی نەگرتبایەتەوە، بەڵکو داهاتەکانیشی گرتبایەتەوە و دەڵێت "لە داهاتوودا لە پەرلەمانی کوردستان کاردەکەین یاسایەکی دیکەی چاکسازی بۆ داهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەربکەین".
 
پارتی دیموکراتی کوردستان شانازی دەکات وەکو زۆرینەی پێکهاتەی حکومەت شانی داوەتە بەر جێبەجێکردنی یاساکە، لەوبارەیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پاکسازی و ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەت دەست بە چاکسازیی راستەقینە بکات، پارتی بە تەواوی پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاساکە دەکات".
 
بەپێی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و بەدواداچوونی پەرلەمانتاران، ئێستا بە هەزاران کەس بە ناشایستەیی و بەناوی جۆراوجۆر مووچە وەردەگرن، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەوبارەیەوە دەڵێت "یاساکە هەزاران خانەنشینی ناشایستە هەڵدەوەشێنێتەوە و سەتان کەس کە بە ناشایستەیی مووچەی شەهیدان وەردەگرن، لێیان دەبڕێت و یاساکە رێگەش نادات هیچ حیزبێک یەکەی ژمێریاریی پێشمەرگەی هەبێت، لە هەمان کاتدا حکومەت یاساکە وەکو خۆی جێبەجێ دەکات".
 
ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوە دەکات "حکومەت ئیرادەی هەیە، ئەگەر هەموو مووچەخۆرەکان بەشی پارتی بن، ئەوا حکومەت سڵناکاتەوە و هەموویان دەبڕێت، پارتیش پشتیوانی لە جێبەجێکردنەکەی دەکات".
 
بزووتنەوەی گۆران کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم و وەکو خۆیان دەڵێن لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازی چوونەتە حکومەت، ئێستا یاسای چاکسازی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان ترسی هەیە یاساکە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت و دەڵێت "جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بڕینی مووچەی 170 هەزار کەس وەکو پێشمەرگەی شاخ بە ناشایستەیی خانەنشینکراون، هەروەها سەتان مووچەخۆری دیکەی ناشایستە، بەڵام ترسم هەیە لە جێبەجێکردنی تەواوی یاسای چاکسازی، چونکە دەستبردن بۆ بڕینی مووچە ناشایستەکان قورسە، بەڵام ئەگەر یاسای چاکسازی جێبەجێ نەکرێت، هەرێمی کوردستان دادەڕوخێت".
 
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەرنامەکەدا باسی لە چەند کەسێکی گەندەڵ کرد و گوتی "خەڵک هەیە پێشتر جاش بووە و ئێستا 100 پاسەوانی هەیە، هەروەها لە هەولێر زەوییەک بۆ یاریی گۆڵف تەرخانکراوە، ئەگەر بفرۆشرێت بەشی مووچەی حەوت مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەخت لەسەر پێویستیی یاسای چاکسازی دەکاتەوە و ئاشکرایدەکات، لە داهاتوویەکی نزیکدا کار بۆ دەرکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لە داهات دەکەن و دەڵێت "ئەگەر حکومەت ئیرادەی چاکسازیی هەبێت لە خەرجییەکان و داهاتدا، ئەوا لەگەڵ بەغداش رێکنەکەوێت، دەتوانێت مووچە بەتەواوی دابەشبکات و خزمەتگوزاریش دابینبکات".
 
یەکگرتووی ئیسلامی هەمیشە شانازی بەوە دەکەن، ئەوان پێش هەموو فراکسیۆنەکان پرۆژە یاسایەکی چاکسازییان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە مەبەستی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای تەواوبوونی پرۆژەیاساکە لەلایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕان و فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان دەنگیان پێنەدا، د. شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو کە بەشدارێکی بەرنامەکە بوو ترسی خۆی لە جێبەجێکردنی یاساکە دەربڕی و گوتی "جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، داوای هەمووان بوو، بەڵام جێبەجێکردنی ئاسان نییە".
 
د. شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەش کرد "یاسای چاکسازی جۆرێکە لە پاکسازی، چونکە تەنیا تایبەتە بە خەرجییەکان و مووچە، دەبوایە یاساکە فراوانتر بوایە و داهاتەکانیشی گرتبایەتەوە، بەتایبەتی کەیسی نەوت و خاڵە گومرگییەکان و چەسپاندنی یاسای خانەنشینی عێراقی".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو وێڕای ئەوەی تێبینیی زۆری لەسەر یاساکە هەبوو، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە "یەکگرتووی ئیسلامی 100% لەگەڵ پاکسازیی لیستی مووچەخۆرانە، چونکە دادپەروەریی بەدیدەهێنێت".