مەسروور بارزانی: یاسای چاکسازی بۆ پاراستنی مافی مووچەخۆرانی شايستەیە

01-07-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن مووچە یاسای چاکسازی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ چوارشەممە یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە جێبەجێکردنی یاساکە کردەوە و دەڵێت، بۆ هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی مووچەخۆرانی شايستەیە. 
 
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەرسێردراوەکان خستەڕوو. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێککەوتنێکیان لەگەڵ بەغدا دەوێت کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراوبێت.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی راپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستووەتەڕوو کە ئەمڕۆ 1ـی تەممووز کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، چاکسازی لە هەموو کەرتەکاندا دەکرێت و پرۆسەیەکی بەردەوامە. "ئامانجیش لە چاکسازی کە خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی مووچەخۆرانی شايستە و راستەقینەیە".
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، رەشنووسی پەیڕەو و چوارچێوەی یاسایی په‌ره‌پێدانی هاوبه‌شی هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌تی و گشتی و چەندین پێشنیازی بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت خستەڕوو. "ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە و پێشنیازەکانی پەسندکرد کە دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی کەرتی گشتی و تایبەت".
 
هاوکات ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی راسپێردراو بە پێداچوونەوەی باج لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی لەبارەی ئەنجامی کاری دیراسەکردن و پێداچوونەوەی لیژنەی رێکخستنەوەی سیستەمی باج لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو "لەبەشێکی دیکەشدا پلانی هەنووکەیی بۆ چاکسازیی لە بواری باج خستەڕوو، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ سەرجەم راسپاردەکانی لیژنەکەی پەسەندکرد بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی هەر لێخۆشبوونێکی باج ئەگەر لە دەرەوەی یاساکان درابێت". 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە