مەزهەری خالقی دوای 35 ساڵ دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان
رووداو - هەولێر
بۆ یەکەمجار کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەسترێت و مەزهەری خالقی، هونەرمەندی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لەو کۆنگرەیە دوای 35 ساڵ دەگەڕێتەوە شوێنی لەدایکبوونی.
مەزهەری خالقی، هونەرمەندی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان بەفەرمی بانگهێشتکراوە و یەکێکە لەو کەسانەی وەک ناودارێکی کورد خەڵات دەکرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە، گەڕانەوەی خالقییە دوای 35 ساڵ بۆ ئەو شارەی تێیدا لەدایکبووە.
مەزهەری خالقی کە بەرپرسی ئینستیتیوتی كەلەپووری كوردە لە شاری سلێمانی کە لە بوارەكانی هونەر، ئەدەبیات و فۆلكلۆر چالاكی دەكات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار میلۆدی کۆکردووەتەوە و زیاتر لە 300 کتێبی بە کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپکردووە و بڵاوبووەتەوە.
مەزهەری خالقی ساڵی 1939 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە زانكۆی تاران بەشی فیزیای تەواو كردووە و دواتر چووەتە رێكخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێران. بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و كرماشان بووە.
دوای شۆڕشی ئێران لە 1979، چەند ساڵێک دواتر و لە ساڵی 1984 خالقی نیشتمانیی دایكی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەك لە هەندەران ژیاوە و دواتریش گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان.
کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە، ناوەندی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە 2 و 3ـی تەمموزی 2019 دەبەسترێت و تێیدا 30 کەسایەتی ناوداری کورد رێزیان لێ دەنرێت.
هاوکات بەختیار عەلی، نووسەر و رۆماننوسی بەناوبانگی کورد لە باشووری کوردستان، یەکێکە لەو کەسانەی ناوی لە ریزی ئەو 30 کەسایەتییەدایە کە بڕیارە خەڵات بکرێن، بەڵام دیارنییە خۆی بەشداریی لە کۆنگرەکەدا دەکات یان نا.