وەقفی شیعی لەسەر چیای خورماتوو مەزارێك دروستدەكات
رووداو-هەولێر
قایمقامی قەزای خورماتوو رایگەیاند، لەسەر چیای خورماتوو و بە هاوكاری دانیشتووانی ناوچەكە، وەقفی شیعی دروستکردنی مەزارێكی بۆ ئیمام عەلی دەستپێكردووە.
حەسەن زەین عابدین، قایمقامی قەزای خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەقفی شیعی لەسەر ئەو زەویەی موڵكدارییەكەی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە و دەكەوێتە سەر چیای خورماتوو، بە هاوكاری دانیشتووانی ناوچەكە دروستكردنی مەزارێكی بۆ ئیمام عەلی دەستپێكردووە، پڕۆژەكەش حكومی نییە و خەڵكەكە بە پارەی خۆیان دەیكەن".
حەسەن زەین عابدین هەروەها گوتی "ئەوەی جێگای سەرنجە لەو پڕۆژەیەدا ئەوەیە کە هاوئاهەنگییەكی باش لەنێوان ئێمە و برایانی كوردی دانیشتووی كەناری چیایەكە هەیە. ئەوانیش هەر خەڵكی دووزن، بەڵام ئەوە واقیعی ئەمڕۆیە، لێرە برایانی كورد و توركمان و عەرەب و سوننە و شیعە لە دووز هاوئاهەنگی باش لەنێوانیان هەیە".
گوتیشی "ئەو پڕۆژەیە هەروەها لەڕووی جووڵەی بازرگانیشەوە سودی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەكە دەبێت. بەڵێ پڕۆژەی خەڵكەكەیە و بەپارەی خۆیان لەسەر زەوی وەقفی شیعی لەسەر چیای خورماتوو مەزاری ئیمام عەلی دروستدەكەن و پێیدەڵێن مەرسا عەلی، سێ رۆژیشە پڕۆژەكە دەستیپێكراوە".