رووداو - سنە
بە بەشداری ئەسپسوارانی 10 پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دووەمین فێستیڤاڵی ئەسپی کوردی لە سنە بەڕێوەچوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا دەیان ئەسپی رەسەنی کوردی نمایشکران. ئەسپەکان لە تەمەنی شەش مانگ تاوەکو حەوت ساڵ لە ماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵەکەدا لە یاریگای 22ی گوڵانی سنە نمایشکران و جوانترینەکانیان خەڵاتکران.
لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ دڵخۆشکردنی بەشداران، سوارچاکان ئەسپەکانیان نمایشکرد و رێوڕەسمی هەڵپەڕکێ و یارییەکانی بە ئەسپ بەڕێوەچوون.
بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، ئەسپی کوردی یەکێک لە رەسەنترین، خۆڕاگرترین و بەتواناترین ئەسپەکانە کە مێژووی بوونی بۆ 500 ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە.
هەرچەند لە زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بە ناوی ئەسپی کوردی نەکراوە، بەڵام ئەسپی کوردی لە سێ جۆر بەناوەکانی: جاف، ئەفشاری و سەنجابی پێکهاتووە و هەموو جۆرەکانی لە کوردستان هەیە و لە هەموو جیهانیش بڵاوبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ