قورئانی كوردی یەكێتی زانایان و لیژنەی فتوا دێنێتە دەنگ
لیژنەی باڵای فتوای كوردستان داوای رارگرتنی بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبەدەكات كە ماوەیەكە لە ژێر ناونیشانی" قورئان بە زمانی كوردی " بڵاوكراوەتەوە و یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستانیش رایدەگەیەنێت ئەو كتێبە تەنها بەزمانی كوردییە و ناكرێ وەك قورئان هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت
ئەو كتێبەی كە ماوەیەكە لە ژێر ناونیشانی" قورئانی كوردی" كەوتۆتە بەر دەستی هاوڵاتیان لە نووسینی د. محەممەد ئیبراهیم، ناسراو بە شەپۆلە، كتێبەكە راڤەی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزە و وەكو قورئانی پیرۆز پیشاندراوە، بەڵام لێژنەی بالای فتوای كوردستان، روونكردنەوەیەكیان بڵاو كردۆتەوە و داوایان كردووە، تا ئەو كاتەی دەقی عەرەبی قورئان لەگەڵ كتێبەكە چاپ نەكرێت، بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە رابگیرێت.
مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند:" د. محەمەد ئیبراهیمی، كەسێكی ناسراوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و زانایەكی گەورە و بە توانایە، ئەوەی ئەو مامۆستایە ئەنجامیداوە، راڤەی قورئانە نەك قورئان".
مەلا عەبدوڵا گوتیشی:" ئەو راڤەیە پێناسەی قورئانی لەسەر جێبەجێ نابێت لەبەرئەوەی تەواوی زانایان گرنگیان بەوەداوە كە قورئان بریتییە لە كەلامی خوای گەورە، كە بە زمانی عەرەبی بەسەر پێغەمبەردا دابەزیووە" .
سەرۆكی یەكێتی زانایان ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات ئەو كتێبە تەنها بەزمانی كوردییە و ناكرێ وەك قورئان هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت.
دەشڵێت: "ئەگەر ناوی كتێبەكە بگۆڕدرێت هیچ كێشەیەكمان لەگەڵی نابێت و بڵاوكردنەوەشی ئاساییەو هیچ گرفتێكیشی لە رووی شەرعەوە نابێت، بەڵام ئەگەر ئەو ناوەی لەسەر بمێنێتەوە دەبێت دەقی قورئانەكەیشی لەگەڵ دابنرێت".
هاوكات سەبارەت بە بەرنامەكانیشیان لە مانگی رەمەزاندا سەرۆكی یەكێتی زانایان گوتی:" ئێمە وەك یەكێتی زانایانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئەوقاف، كۆمەڵێك بەرنامەی جۆرا و جۆرمان داناوە، هەم لە دەزگاكانی راگەیاندن و هەم بە شێوازی كردەیی جێبەجێیبكەین".