ملیاران ماسیی مرواریی کەڤالی لە دەریاچەی وانەوە بۆ دانانی گەرا کۆچ دەکەن

02-06-2024
عەبدولسەلام ئاکنجی
کۆچی ماسیی مرواریی کەڤالی لە دەریاچەی وانەوە
کۆچی ماسیی مرواریی کەڤالی لە دەریاچەی وانەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆچی بە زەحمەتی تاکە ماسیی دەریاچەی وان، کە بە 'مرواری کەڤالی' دەناسرێت، دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
 
ساڵانە لە 15ـی نیساندا، ملیاران ماسی لە دەریاچەکەوە کۆچ دەکەن بۆ 111 رووبار و ئەو چەمانەی دەڕژێنە نێو رووبارەکەوە، بۆ ئەوەی گەرا دابنێن، پاشان بگەڕێنەوە نێو دەریاچەکە.
 
مستەفا ئاکوش، مامۆستای فاکەڵتی بەرهەمەکانی ئاو لە زانکۆی یوزونکویل لە وان دەڵێت "ئێمە، نازانین هەزار ساڵی یەکەم لە کوێ بووین، بەڵام ئەم ماسییە 800 هەزار ساڵە لە دەریاچەی وان و لەسەر ئەم تابلۆ سرووشتییە دەژی، لەگەڵ تەقینەوەی چیای نەمروود، پەیوەندیی نێوان دەریاچەکە و دەوروبەرەکەی دەپچڕێت، بەو شێوەیە، ئەو دەریاچەی کە ئاوەکەی شیرین بوو، بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە دەریاچەیەکی سوێر، ماسییەکانی نێو دەریاچەکە بۆ گەرادانان پێویستیان بە ئاوی شیرینە."
 
کۆچی ماسییەکانی دەریاچەی وان کە لە جیهاندا وێنەی نییە، تاوەکو 15ـی تەممووز بەردەوام دەبێت، بۆیە ساڵانە لەم وەرزەدا بۆ ماوەی سێ مانگ راوی ئەو جۆرە ماسییە قەدەخە دەکرێت.
 
بەڵام نەورەسەکان بوونەتە گەورەترین مەترسی لەسەر کۆچی ماسییەکان، نەورەسەکان گوێ بە هیچ رێسایەکی سرووشت نادەن و بەردەوامن لە راوکردنی ماسییەکان.
 
ساڵانە لە کاتی کۆچی ماسیی مرواریی کەڤاڵی، گەشتیاری زۆر بۆ بینینی دیمەنی ناوازەی ماسییەکان سەردانی دەریاچەی وان دەکەن.
 
گۆخان کایا، دانیشتووی ئەرجیش دەڵێت "ئێرە، شوێنێکی زۆر خۆشە بۆ بیانییەکان، داوا لە گەشتیاران دەکەین سەردانی ئێرە بکەن."
 
هەروەها نەجدەت تاڤکا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی وان دەڵێت: "کۆچی ماسییەکانی دەریاچەی وان، دیاردەیەکی ناوازەیە، بۆیە پێویستە خەڵک ئەو کۆچە ببینێت."
 
ماسیی گۆلی وان، تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە. فەسیح چاکر، ئەندامی ژووری بازرگانیی وان دەڵێت "میوانەکانمان زۆر رازین، بەردەوام داوای ماسیمان لێدەکەن. ماسی بۆ ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئایدن و ئەدەنە هەناردە دەکەین."
 
قایمقامیەتی ئەرجیس بە ئامانجی ناساندنی کۆچی ماسییەکان، یازدەیەمین فێستیڤاڵی کۆچی ماسیی مرواریی کەڤاڵی رێکخستووە. فێستیڤاڵەکە، رۆژی 31ـی ئایار دەستیپێکردووە و تاوەکو دووی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە