پۆلیس لەبارەی تەرمی ئەو کچەی لە سلێمانی دۆزرایەوە: رووداوەکە خۆکوژییە

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی رۆژی شەممە تەرمی کچێکی 20 ساڵ لەبەردەم باڵەخانەیەکی تەواونەکراودا لە سلێمانی دۆزرایەوە.
 
شایەتحاڵێک، کە لە باڵەخانەکە کاردەکات، دەڵێت رووداوەکە کاژێر 05:45ـی بەیانی روویداوە، لەو کاتە تەنیا پاسەوانی باڵەخانەی لێبووە، ئەویش ئاگاداری وردەکاریی رووداوەکە نەبووە.
 
شایەتحاڵەکە بە رووداوی گوت "لە دەرەوە هاواریان کردبوو کرێکارێک کەوتووەتە خوارەوە، پاسەوانەکەش لە ژوورەوە کە خەبەری ببووەوە، هاتبووە دەرەوە، زانیبووی ئەم کەسە لەسەر باڵەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە و هەر لەوێ گیانی لەدەستدا."
 
لەسەر رووداوەکە، رووداو پەیوەندیی بە سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی کرد، ئەو باسی لەوە کرد، لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتووە رووداوەکە خۆکوژی بووە و، کەسوکارەکەشی دەڵێن هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەسدا نییە، بۆیە لێکۆڵینەوەی پۆلیس بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی بزانن چ کەسێک پاڵنەر بووە بۆ ئەم رووداوە، چونکە پێش ئەوەی هەوڵی خۆکوشتن بدات، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کەسێک کردووە و دوای داخستنەوەی تەلەفۆنەکەی، خۆی کوشتووە.
 
دوای رووداوەکە، تەرمەکە براوەتە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی و پاش ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەی، چوون تەرمەکەیان وەرگرتەوە و پرسەیان بۆ دانا.
 
کچەکە خەڵکی سلێمانییە و دەرچووی پەیمانگایە، خوشکە گەورەکەی بە پۆلیسی گوتووە: بەیانی لەخەو هەستاین خوشکە بچوکەکەم لەسەر جێگەکەی نەماوە، وامانزانی چووە بۆ خواردن کڕین، بەڵام زۆر لەدڵەڕاوکێدابووین و چاوەڕێی گەڕانەوەی بووین، دواتر لە میدیاکان زانیمان کچێک خۆی کوشتووە، بۆیە کە چووینە پزیشکی دادی سلێمانی، زانیمان خوشکەکەمە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا، پێنج ژن لە سلێمانی کوژراون یان خۆیان کوشتووە.