چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر: 70 منداڵ لە خانەکانی بێسەرپەرشتانی شارەکەدان

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، لە چوار مانگی رابردوودا "300 منداڵ لە هەولێر دەستنیشان کراون کە کار دەکەن و کار لەسەر کێشەکانیان کراوە." یوسف چاوشین ئاماژە بەوەش دەکات، "لە رێگەی هێڵی گەرمی 116وە ساڵانە 1500 کێشەی منداڵان چارەسەر دەکەین."
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هێڵێکی گەرمی تایبەت بە منداڵانی هەیە کە مەبەست لێی وەرگرتنی سکاڵای تایبەت بە کێشەکانی منداڵە تاوەکو بەدواداچوونیان بۆ بکات و  کار لەسەر چارەسەرکردنیان بکات. یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژدا بە رووداوی گوت: "هەر منداڵێک کێشەیەکی هەبێت، دەتوانێت پەیوەندی بکات. هەندێک جار کەسوکاری منداڵانیش پەیوەندی دەکەن. ستافێکی تایبەتمان هەیە کار لەسەر کێشەکان دەکات. ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە وەزارەتمانەوە هەبێت، خۆمان کاریان لەسەر دەکەین. ئەوانەی پەیوەندییان بە لایەنی دیکەوە هەیە، بۆیان دەنێرین."
 
یوسف چاوشین گوتی، "ساڵانە نزیکەی 1500 پەیوەندی دەکرێن. منداڵ هەیە کێشەی دەروونی، کۆمەڵایەتی یان دارایی هەیە؛ یان تووندوتیژی بەرامبەر کراوە، یان سواڵکردن و کارکردنی زۆرەملێی پێدەکرێت. ئێمە کار لەسەر دۆخەکەیان دەکەین و چارەسەری ئەو کێشانە دەکەین کە هەیانە."
 
لە سنووری پارێزگەی هەولێر دوو خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت هەن. بە گوتەی یوسف چاوشین، 70 منداڵ لەنێو ئەو خانانەدا هەن کە بێسەرپەرشت ماونەتەوە، بەهۆی مردنی دایک و باوکیان یان هەڵوەشانەوەی خێزانەکانیان.
 
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، "ژمارەی منداڵانی بێسەرپەرشت لە زیادبووندایە،" بەڵام روونیدەکاتەوە، "ئەو ژمارەیە بەراورد بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، جێگەی مەترسی نییە."
 
یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دابینکردنی مووچەی نیڤشکانە و 23 هەزار نیڤشکان لە سنووری هەولێر مووچە وەردەگرن کە "زۆرینەیان منداڵن؛ هەروەها هەر خێزانێکی فەرمانبەر، منداڵی نیڤشکانی هەبێت، پشتگیری دەکەین بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بەخێوکەر تاوەکو لە ماڵەوە چاودێریی منداڵەکانیان بکەن و دەوام نەکەن. مووچەکانیشیان بەردەوام بێت،" بەڕێوەبەری گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێر وای گوت.
 
رووداو بەدواداچوونی بۆ دۆخی منداڵانی کارکەر کردووە و شەقام و بازاڕەکان منداڵی کارکە و دەستگێڕی زۆری تێدایە. زۆرینەی منداڵان ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی خێزانەکانیان کار دەکەن و هەندێکیشیان دەڵێن حەزیان لە کارکردنە.
 
بەڕێوەبەری گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێر دەڵێت، "تیمەکانمان لە چوار مانگی رابردوودا 300 منداڵیان دەستنیشان کردووە کە خەریکی کارکردنن و قسەمان لەگەڵ خۆیان و خێزانەکانیان کردووە تاوەکو وابکەین کار نەکەن."