وەزارەتی کارەبا: ساڵانە بە بەهای 1.5 تریلیۆن دینار وزەی کارەبا بەفیڕۆدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵانە بە بەهای تریلیۆنێک و 489 ملیار دینار، وزەی کارەبا بەفیڕۆدەچێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا بەستراون و لە قۆناخی دووەمدا ئەو پێوەرە بۆ سەرجەم هاوبەشان دەبەسترێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 01-06-2023، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەکو ژێرخان و توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 7 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە: ''بەڵام ئێستا 4200 تاوەکو 4300 مێگاوات کارەبا بە تێکڕا بەرهەم دەهێنرێت.''
 
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، بەشی سەرەکیی هۆکارەکانی کەمیی بەرهەمهێنانی کارەبا ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا گازی سرووشتی و سووتەمەنیی پێویست بۆ ئەو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ ئەوەی بتوانن تەواوی ئەو توانایە وەگەڕبخەن.
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە وەرزی هاویندا، بەرزترین خواستی گشتیی هەرێمی کوردستان لەسەر کارەبا لە خراپترین دۆخدا، لە نێوان 5000 بۆ 5500 مێگاوات بووە.
 
بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، ئێستا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 75٪ی کارەبا بە گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنرێت و دەڵێت، بەر لە دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک، رێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا لە هەندێک ناوچە و شاردا، تاوەکو 44٪ی ئاستی بەرهەمهێنان رۆیشتووە، ''بەڵام دوای دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشان، توانیمان 10٪ی ئەم بەفیڕۆچوونە کۆنتڕۆڵ بکەین.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە بە بەهای تریلیۆنێک و 489 ملیار دینار، وزەی کارەبا، لەسەر تۆڕی راستەقینە بەفیڕۆدەچێت، ئەوە جگە لە نەدانەوەی پارەی کارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە کە وەزارەت وەکو قەرز مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
 
ئومێد ئەحمەد دەڵیت، کۆی گشتیی قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا زیاتر لە تریلیۆنێک و 300 ملیار دینارە، کە 65٪ بۆ 70٪ی قەرزەکە هی هاوبەشی ماڵانە، بڕێکی کەمیشی هی دامودەزگاکانی حکومەتە و کەرتی بازرگانی و پیشەسازیش قەرزێکی زۆری کارەبایان لەسەرە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، حەوت شوێن کارەبای بەردەوامیان پێدەدرێت، لەوانە، نەخۆشخانەکان، پڕۆژەکانی ئاو، بەندیخانەکان، خاڵەسنوورییەکان، دامودەزگاکانی گومرگ و شوێنە ئەمنییەکان.
 
ئومێد ئەحمەد باس لە سیستمی پریپەید دەکات بۆ پێدانی پارەی کارەبا و دەڵێت: ''لەم سیستمەدا هاوبەشانی کارەبا، لەپێشەوە پارەکەی دەدەن کە ئەپلیکەیشنێک لە مۆبایلەکانیاندا دەبێت و دەتوانن لەو رێگەوە چاودێری بەکارهێنانی وزەی کارەبا بکەن؛ وەک خۆی دەڵێت، هاووڵاتییان رۆژانە دەبینن چەند کیلۆوات لەو کارەبایەی کە پێشتر کڕیویانە، بەکارهێنراوە و پلانێک بۆ بەکارهێنانی دابنێن.
 
تائێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا بەستراوە و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا چاوەڕێی ئەوەن قۆناخی دووەمی تەواوکاریی پێوەری زیرەک بۆ تەواوی هاوبەشان دەستپێبکرێت.