کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر: لە بواری دیپلۆماسیدا لە هەرێمی کوردستان داهێنانمان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا باس لەوە دەکات وڵاتەکەی لە بواری دیپلۆماسیدا لە هەرێمی کوردستان، داهێنانی کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2023، ئیرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا باسی لەوە کرد وڵاتەکەی لە بواری دیپلۆماسیدا لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە چووە و تیمی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا گرووپێکی هاوئاهەنگی بەناوی "گرووپی هاوئاهەنگی گشتی کۆنسوڵخانەکان" دروستکردووە کە دەیان دیپلۆماتکاری باڵای بیانی، کاری تێدا دەکەن. 
 
گرووپەکە، بەگوتەی ئیرڤن، لە نوێنەرانی ئەو گەلانە پێکهاتووە، کە شێوازی بیرکردنەوەیان لەیەکدییەوە نزیکە و کاردەکەن بۆ پێشخستنی پرسەکانی وەکو: مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی رۆژنامەگەری، یەکسانی جێندەری، گەشەی ئابووری و حوکمڕانیی باش. 
 
ئیرڤن، باس لە هاوبەشییە بازرگانییەکان و وەبەر‌هێنان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "ئەوە کاری هەرە لەپێشینەی کۆنسوڵخانەکەمانە".
 
ئیرڤن ئاماژە بەوە دەکات لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا چەندین چالاکی و بۆنە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان رێکدەخەن. 
 
یەکێکی دیکە لەو کارانەی کۆنسوڵخانەکە کە ئیرڤن ئاماژەی پێداوە و بە داهێنان ناوی بردووە، ژمارەیەک کۆنفرانسی کۆنسوڵخانەکەن لە هەولێر. ئیرڤن، کۆنفڕانسەکانی بە "مێژوویی" ناوبردووە و دەڵێ لەو کاتەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، چونکە "هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین بەربەستی سیاسی و ئابووری بووەتەوە". 
 
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان باس لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو و بەردەوام بووە. هاوبەشی 32 ساڵەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەها و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بووە و لەگەڵ دۆستە کوردەکانمان لەسەر ئەو نەریتە بەردەوام دەبین".