رووداو - سلێمانی
هەرچەندە ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی منداڵانە، بەڵام ئەو منداڵانەی نێو بازاڕی سلێمانی کە تەمەنیان بۆ کارکردن گونجاو نییە، بە کارکردن رۆژەکەیان بەسەر دەبەن. رەسوڵ منداڵێکی ئیشکەرە و دەڵێت، "کار دەکەین و عەلاگە دەفرۆشین، ئەمڕۆ دەزانم رۆژی جیهانیی منداڵانە بەس هەر لێرە بە کارکردن بەڕێمان کرد."
بەشیر رەعد، یەکێکی دیکە لەو منداڵەنەیە کە لەنێو بازاڕی سلێمانی کاردەکات. ئەو لەگەڵ خێزانەکەی ساڵانێکە ئاوارە بوون، تەمەنی 13 ساڵە و دەڵێت، لە 5 ساڵیەوە کاردەکات، خۆی و هاوڕێکانی رۆژانە لەنێوان 8 بۆ 10 کاژێر کاری قورس دەکەن.
بەشیر دەڵێت، "سەرەتا عەلاگەم دەفرۆشت. ئێستا دەبە ئاو دەفرۆشم بە 500 دینار، هیلاک دەبین بەس کەم، لە پۆلی سێیەوە وازم لە خوێندن هێناوە."
ئەحمەد ئەقیل، منداڵێکی دیکەی ئیشکەرە و دەڵێت، "من رۆژانە لە کاژێر 8 دێمە دەرەوە بۆ کارکردن تاوەکو 5 ئێوارە، زۆر ماندووین، بەڵام ناچارم ئیش بکەم، کرێچین لەیەک ژوور بە 200 هەزار."
لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دوای 6 ساڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای روانگە، رووپێویی منداڵانی ئیشکەر و سەر شەقامیان کردووە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئامارەکانیان دەریدەخەن، هەزار و 466 منداڵی لەو شێوەیە هەن.
ئامانج کاکە رەش، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانیی دەزگای روانگە باس لەوە دەکات، هەر رێکخراوێک یان شوێنێک بیانەوێت کارێک بۆ ئەو منداڵانە بکەن "ئێستا دەتوانن بەئاسانی بەهەموو شتیان رابگەن، لە قۆناخی داهاتوو لە هەولێر و دهۆکیش هەوڵدەدەین کارەکە ئەنجامبدەین، بۆ سەرەتاسەری کوردستان."
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت "لە داهاتوویەکی نزیکدا کاری زیاتر و باشتر بۆ ئەو منداڵانە دەکەین کە پێویستیان پێمانە، لە رابردوویش درێخی نەکراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کار بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی ئاڵودەی مادەی هۆشبەر دەکەین."
کوێستان محەممەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "لەم چەند کۆبوونەوەی رابردوودا لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕگەی منداڵی پەرتەوازە و پاراستنیان قبووڵ کراوە کە یەک خاڵی باس لە منداڵی ئیشکەر دەکات بە هەموو وردەکارییەوە. من بەڵگەی تەواوم هەیە کە منداڵی 9 ساڵ مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت. ئاڵودەبوو هەیە، بەڵام رێژەکە کەمە و حاڵەتە."
ئامارەکانی رووپێوییەکەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەریدەخەن کە 1446 منداڵی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەمشێوەیە: لە سلێمانی 1010، لە هەڵەبجە 124، لە ئیدارەی راپەڕین 121 و لە ئیدارەی گەرمیانیش 211 منداڵی ئیشکەر هەن. لەو ژمارانەش 55% لە خوێندن دابڕاون و 9% هیچ خوێندەوارییان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ