مەسرور بارزانی بۆ یەکێتی: هیوادارم لەم بارودۆخەدا گشت هێزە سیاسییەکان پێکەوە کاربکەن

رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتی دەکات بەبۆنەی 48ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی و لە پەیامێکدا دەڵێ "هیوادارم لەم بارودۆخەدا، گشت هێزە سیاسییەکان، پێکەوە کاربکەن و هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆیان بکەن".
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یەکی حوزەیرانی ساڵی 1975 دامەزراوە و لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان، دووەم گەورەترین حیزبە لە هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمانی کوردستاندا لەکۆی 111 کورسی، خاوەنی 21 کورسییە.
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
بەبۆنەی چل و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و گشت ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی دەکەم. 
 
هیوادارم لەم بارودۆخەدا، گشت هێزە سیاسیەکان، پێکەوە کار بکەن و هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆیان بکەن و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمان، بکەن بە ڕێرەوی کاری ئێستا و داهاتوویان.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2023/6/1