رووداو هەولێر
دادگەی ئەرزەڕۆم بڕیاری سزادانی بە 119 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ ئەو تاوانبارە دەرکرد کە دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەر هەشت منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی سێشەممە 31ـی ئایاری 2022، لە چوارەمین دادگەی سزاقورسەکانی ئەرزەڕۆم بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەچوو و نۆ کاژێری خایاند.
هاکان ئاسڵان کافا، کە وەک چاودێر لە شوێنی کۆرسێکی قورئانخوێندن کاری دەکرد، دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەبەردەم دادگە ئامادەبوو و لە یەکەمین دانیشتنی دادگەدا سزای 119 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ بڕایەوە.
کەسوکاری منداڵەکان و پارێزەران ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بەڵام چوارەمین دادگەی سزاقورسەکانی ئەرزەڕۆم داواکارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینی ئەرزەڕومی رەتکردەوە کە داوای کردبوو لە دانیشتنەکەدا ئامادەبن، بە هۆکاری ئەوەی رووداوەکە زیانی بە بەڕێوەبەرایەتییەکە نەگەیاندووە.
هاکان ئاسڵان کافا لە ماوەی نێوان ئایار-کانوونی یەکەمی 2021دا لە یەکێک لە کۆرسەکانی خوێندنی قورئان لە شاری ئەرزەڕۆم کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیایە، دەستدرێژیی سێکسی کردبووە سەر هەشت منداڵ کە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵان بووە.
هەشت منداڵەکە کوڕن و لە کۆرسی قورئانی "حاجی بەهادین ئەڤگی" لەشارۆچکەی پاڵاندۆکەن دەیانخوێند و لە بەشە ناوخۆییەکانی تایبەت بەو کۆرسە ئاینییە دەمانەوە. دوای ئاشکرابوونی تاوانەکەی، هاکان ئاسڵان کافا هەڵات و دواتر لە پارێزگای یۆزگاتی تورکیا دەستبەسەرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ