رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی بانگهێشتی لیژنەکەیان دەکەن بۆ خستنەڕووی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیان لە بوونی بەفیڕۆدان لە بودجەی تەرخانکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، راپۆرتی بەدواداچوونی لیژنەکەیان بۆ بودجەی تەرخانکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوکردووە و بڕیارە بەمنزیکانە بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی بخرێتەڕوو و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرس لە کارەکانیان.
رۆژی 1-6-2022، لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەدواداچوونی لیژنەکەیان بۆ بودجەی تەرخانکراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەو بودجەیە کرد کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکرابوو، بەڵام لە بەشێکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کێشە لە خەرجکردنی بودجەکەدا هەیە و لە هەندێک بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی گەندەڵی و خراپبەکارهێنان هەیە".
لەیلا عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەدا دوای تەواوکردنی سەردانەکانیان، ئێستا راپۆرتەکەیان ئامادەیە و بەمنزیکانە بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی لە لیژنەکەیان دەخرێتەڕوو. گوتیشی: "ئێمە دوای دڵنیابوونەوەی تەواو لە بوونی کەمتەرخەمی و روونکردنەوەی تەواو و یەکبوونی راپۆرتی ئێمە و چاودێریی دارایی، ئەوا ئەو لایەنانەی کەمتەرخەمن و ئەو بەرپرسانەی بودجەکەیان خراپ بەکارهێناوە و گەندەڵییان تێداکردووە دەدرێن بە دادگە و ئەگەری لەسەر کارلادانیشیان هەیە."
سەبارەت بە کەمتەرخەمییەکان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "کەمتەرخەمییەکان لە تەندروستییەکانی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان روویداوە، بەڵام ئەوەی هەیە ئاستی خراپبەکارهێنانی بودجەکە لە شوێنێک بۆ شوێنێک و لە بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە."
رۆژی چوارشەممە، 1-6-2022، بەڵێن ئیسماعیل، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستانمان پێگەیشتووە لەبارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، خۆشمان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیمان کردووە و تەنیا راپەڕین ماوە، راستە ئەوەی بۆ ئێمە دەرکەوتووە لادان و بەفیڕۆدان هەبووە، بەڵام بەشێکیان بیانوویان هەیە و گوایە حاڵەتەکە فریاگوزاری بووە و دەبوو حکومەت باری لەناکاو رابگەیێنێت."
بەڵێن ئیسماعیل روونیشیکردەوە: "بڕیارە لە هەفتە و دوو هەفتەی داهاتوو وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی بانگهێشتی لیژنەکەمان بکەین، چونکە راپۆرتی دیوانی چاودێری داوای لیژنەی لێکۆڵینەوەی کردبوو، ئێمە ئەو وەزیرانە بانگدەکەین بۆ ئەوەی پێیانبڵێین چییان کردووە و بزانین ئەنجامی لیژنەکانیان بەکوێ گەیشت."
رۆژی یەکشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2021، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی روونکردنەوەیەکی لەبارەی خەرجکردنی بڕی 37 ملیۆن دۆلار بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بودجە تەرخانكراوەكان بۆ نەخۆشیی كۆرۆنا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام مانگانە دابین دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی راستەوخۆ بۆ بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستیی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لەلایەن گەنجینەكانەوە وەکو هەر بودجەیەکی دیکە خەرجدەكرێت."
وەزیری تەندروستی هەروەها رایگەیاند: "یەك سەنت یان یەك دیناریش لەلایەن وەزارەتی تەندروستی خەرج نەكراوە، بەڵکو تەواوی دەسەڵات بە فەرمانگەكانی تەندروستی دراوە بۆ خەرجكردن، كە بە رێكوپێكی بۆ بابەتە هەستیار و پێویستییەكان لەسەر بنەماكانی رێنوێنیی دارایی خەرجدەكرێت و پسوڵە و وردەكارییەكان دوای وردبینیکردن لەلایەن گەنجینەكانەوە وەردەگیرێتەوە."
روونكردنەوەکەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان پاش ئەوە هات تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی رایگەیاند لە ماوەی رابردوودا 37 ملیۆن دۆلار بۆ کۆرۆنا تەرخانکراوە، بەڵام سەرچاوە و شێوازی خەرجکردنی ئەو پارەیە بە نادیاری ماوەتەوە.
لە پرسێکی دیکەی جیاوازیشدا، ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند هەفتەی داهاتوو بۆ بەدواداچوون بۆ کێشەی مووچە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و نەمانی پارە لە بانکەکاندا سەردانی سلێمانی دەکەن، لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "ئێمە سەردانی بانکە بازرگانییەکان و یەکەی ژمێرکاری و بانکی منارەمان لە هەولێر کردووە و هەموو زانیارییەکانمان لێوەرگرتوون لەبارەی مووچە و دابەشکردنی و داهاتەکان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ هەمان مەبەست و بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەو کێشانەی بەهۆی نەمانی پارەوە لە بانکەکانی سلێمانی دروستدەبن سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکەین و سەردانی ژمارەیەک شوێن دەکەین لەنێویاندا لقی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بۆ ئەوەی وردەکاریی داهات و مووچە و کێشەکان بکەینە راپۆرت و ئەوەی هەولێریشی تێدا دەبێت و دەدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و حکومەت."
دوای ئەوەی چەند مانگێک بەسەر یەکەوە بەتایبەت مانگەکانی ئادار و نیسان و ئایار پارە لە بانەکەکانی سلێمانی نەدەما و بەهۆیەوە كێشەی لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستکرد و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باسی لەوەدەکرد کە نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی بەهۆکاری سیاسی دەکرێت و یەکێتیش ئەوەی رەتدەکردەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11-5-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پرسی مووچەوە گوتی، "بەداخەوە وەک پێویست لە هەموو پارێزگاکان ئەجێندای حکومەت وەکو یەک جێبەجێنەکراوە، لە هەندێک شوێن دەبینین داهاتی ناوخۆ زیادبووە، بەڵام لە هەندێک شوێن نەک زیادی نەکردووە، بەڵکو کەمیشی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەو کێشەیەی ئێستا باس دەکرێت".
رۆژی یەکشەممە، 17-5-2022، مەسرور بارزانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و ھەڵەبجە و سەرپەرشتییاری ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان کۆبوویەوە بەمەبەستی باسکردنی ئەو کێشانەی کە دێنە رێگەیان بۆ دابینکردنی مووچە و نەمانی پارە لە بانکەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ