نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی پێنج دیاریکرا

01-06-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئایار لە هەولێر بە 9,500 دینار تاوەکو 12,500 دینار، لە سلێمانی بە 4,000 دینار تاوەکو 6,000 دینار، لە دهۆک بە 11,000 دینار دیاریکراوە، لە هەڵەبجەش نرخەکە لە 4,000 دینارەوە دەستپێدەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی حوزەیرانی 2022، قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لە بارەی کاژێری پێدانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی ئایار 210 کاژێر کارەبایان بە هاونیشتمانیان داوە، کە بە تێکڕا دەکاتە زیاتر لە حەوت کاژێر لە رۆژێکدا.
 
لە بارەی نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە گوتی: "نرخەکان لە 9,500 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 12,500 دینار."
 
سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر هۆکاری زۆری نرخی کارەبای موەلیدە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گازوایل گەڕاندەوە و گوتی: "ئێستا لیترێک گازوایل بە 725 دینارە، لە کاتێکدا پێشتر بە 400 دینار بوو".
 
سەبارەت بە کارەبای 24 کاژێری، قارەمان مەولود گوتی، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە کارەبای 24 کاژێری بە هاونیشتمانیان دراوە، هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی بڕابێت، کارەبای موەلیدە دابینکراوە.
 
لە سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدە بەراورد بە هەولێر هەزرانترە.  سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە رووداوی رایگەیاند، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە لە شاری سلێمانی بۆ مانگی ئایار، لە 4,500 دینار بۆ 6,500 دینارە،به‌هۆی جیاوازی كارپێكردنی موه‌لیده‌كان‌ له‌گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌، نرخه‌كان دەگۆڕێن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی مانگی ئایار بە گوێرەی گەڕەکەکان نزیکەی 80 بۆ 120 کاژێر کارەبایان بە هاونشتیمانیان داوە. 
 
سه‌باره‌ت بە به‌رنامەى كاركردنى موه‌لیده‌کانیش، گوتی، لە 1ی حوزەیرانەوە بەرنامەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان گۆڕاوە، ئێستا هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی ببرێت موەلیدەکان کارەبا دەدەن، چونکە کەشوهەواکەی بەرگەی ئەوە ناگرێت پێنچ خولەک خەڵک بەبێ کارەبا بێت. 
 
لە پارێزگای دهۆکیش نرخی ئەمپێرەکانی کارەبا دیاریکرا، لەو بارەوە هەکار هرووری، نوێنەری کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، بۆ مانگی ئایار نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بە 11,000 دینا، بەشێوەیەکی گشتی 200 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانیان دراوە. 
 
هەروەها دینا ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجەش بە رووداوی گوت: مانگی رابردوو لە هەڵەبجە 90 بۆ 94 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانیان دراوە، بۆیە نرخی ئەمپێرێکی کارەبا بە 4,500 دینار بۆ 5,000 دینار دیاریکراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت وەڵامی زاوایەکی سەدام حوسێن دەداتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی رەتدەکاتەوە، کە "لێدوانی ناڕاست"ـی بەناوی مەسرور بارزانییەوە بڵاوکردووەتەوە.