بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان: زۆربەی گرفتەکانی پیاوی دووژن، هاوسەرگیریکردنە بە دزیی ژنی یەکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی رێکخراوی وادی ئەڵمانی دەڵێت، پیاوانی هەرێمی کوردستان بۆ هاوژینی دووەم "ژنی عەرەبیان پێباشترە"، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتانیش دەڵێت "ئەو کێشانەی بەهۆی هاوسەرگیریی دووەمەوە دەچێتە لایان زۆربەیان ئەو پیاوانەن بەدزی ژنی یەکەمەوە ژنی دووەمیان هێناوە."
رۆژی 4ـی نیسانی 2022، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئاماری رێپێدانی هاوژینی دووەمی لە ساڵی 2021 بڵاوکردەوە: لە پارێزگای هەولێر 73 رێپێدان، لە سلێمانی حەوت رێپێدان، دهۆک 21 رێپێدان هەبووە، بەڵام وەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان باسی دەکەن، ئەو ئامارانە تەواویی ئامارەکان نین و "زۆربەی" پیاوان بۆ مارەبڕینی ژنی دووەم دەچنە ئەو دادگەیانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و لەوێ هیچ مەرجێک نییە بۆ پڕۆسەکە.
هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان قەدەخە نییە و مەرجدار کراوە، پارێزەر سۆزان حوسێن دەڵێت، مەرجەکان "قورسن" بۆ پیاوان و دواجاریش دادوەر بڕیاری کۆتایی دەدات لەوەی کە رێگە دەدات پیاوەکە ژنی دووەم بهێنێت یان نا.
رۆژی چوارشەممە 1ـی حوزەیران، پارێزەر سۆزان حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەبێت توێژەری کۆمەڵایەتی و لیژنەی پزیشکی راپۆرتیان سەبارەت بە کەیسەکە هەبێت کە ئایا پیاوەکە مەرجەکانی تێدایە بۆ هێنانی ژنی دووەم یان نا. هەروەها لە باری دارایی پیاوەکە دەکۆڵدرێتەوە بزانرێت توانای دابینکردنی خەرجیی دوو هاوژینی هەیە یان نا.
پەیام ئەحمەد، ئەندامی بەشی یاسایی لە رێکخراوی وادی ئەڵمانی دەڵێت، پیاوان حەز بە مەرجەکان ناکەن و بە قورسی دەزانن، بەتایبەت دوو خاڵ لە مەرجەکان کە رازیکردنی هاوژینی یەکەم و هەروەها بەڵێننامەی دادگەیە.
پەیام ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پیاوان زیاتر بەلای ژنی عەرەبدا دەچن و دەڵێن، ژنی عەرەب بەلایانەوە ئاساییە ژیانی هاوژینی لەگەڵ پیاوێک پێکبهێنن کە هاوژینی هەبێت. دەشڵێن، بۆ ژن و مێردایەتیش باشترن".
پیاوان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی رووبەڕووی مەرجەکانی هێنانی هاوژینی دووەم نەبنەوە، دەچنە دادگەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە دادگەکانی کەرکووک، پردێ، مەخموور، خانەقین و گوڵاڵە.
سەبارەت بەو گرفتانەی بەهۆی هاوژینی دووەمەوە رووبەڕووی خێزانەکان دەبێتەوە، عەمید سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەیسی کێشەی ژن و مێرد هەن بەهۆی فرەژنییەوە هاتبێتە لامان بەڵام کەمن، لەوانەشی کە دێن زۆر بەکەمی ئەو کەیسانەن کە پیاو ژنی دووەمی بەگوێرەی یاسا هێنابێت."
بە گوتەی عەمید سەرکەوت ئەحمەد، زیاتر ئەو کێشانەی بەهۆی فرەژنییەوە دەچێتە لای ئەوان ئەو کەیسانەن کە پیاوان بە "دزییەوە" ژنی دووەمیان هێناوە. گوتیشی، "بۆ نموونە کەیسێک دێت ناڵێن هۆکار ژنێکی دیکەیە؛ دوای لێکۆڵینەوە بۆ ئێمە دەردەکەوێت کە پیاوەکە بە دزی ژنەکەیەوە ژنێکی دیکەی هێناوە و هۆکاری کێشەکەیە".
سۆزان حوسێن باس لەوە دەکات، "بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێنانی هاوژینی دووەمەوە، هاوژینی یەکەم دەتوانێت بەبێ هیچ مەرجێک و هەرکاتێک بیەوێت داوای جیابوونەوە لە مێردەکەی بکات، ئەگەر 20 ساڵ پێشتریش هاوژینەکەی ژنی دووەمی هێنابێت. هەروەها دادوەر 100% لە بەرژەوەندی ئەو کەیسەکە بە زووترین کات یەکلایی دەکاتەوە و هەموو مارەییەکەشی بۆ وەردەگرێت."
ئامارەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی ساڵانی 2020 و 2021 رێژەکە بەمشێوەیە بووە:
هەولێر:
ساڵی 2020: 16.803
ساڵی 2021: 18.964
سلێمانی:
ساڵی 2020: 15.862 مارەبڕین و ژیانی هاوژینی
ساڵی 2021: 20.147 مارەبڕین و ژیانی هاوژینی
دهۆک:
ساڵی 2020: 11.745 مارەبڕین و ژیانی هاوژینی
ساڵی 2021: 13.441 مارەبڕین و ژیانی هاوژینی
گەرمیان - کەرکووک:
ساڵی 2020: 2.519 مارەبڕین و ژیانی هاوژینی
ساڵی 2021: 2.285 مارەبڕین و ژیانی هاوژینی