یەکێتیی نەتەوەیی: داوا لە کابینەی نۆیەم دەکەین بکوژانی شەهید سەربەست بدۆزێتەوە

01-06-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەربەست مەحموود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە 21ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی نووسەر و سیاسەتمەدار سەربەست مەحموود دا، مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان داوا لە کابینەی نۆیەم دەکات بکوژانی شەهید سەربەست بدۆزێتەوە.
 
سەربەست مەحموود، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK و سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری سەرخۆبوون بوو، لە رۆژی 31-05-2000 شەهیدکراوە.
 
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دا رایدەگەیێنێت "تاوەکو ئێستا بكوژانی ئاشكرانەبوونه‌، ئەمەش بووەتە مایەى نیگەرانى ئێمە و بنەماڵەى شەهید، داوا لە كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەتى كوردستان و بەتایبەت به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیدارەکان دەكەین، هەوڵى زیاتر بده‌ن بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنى بكوژانی شەهید سەربەست."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "تیرۆریستان به‌شه‌هیدكردنی سه‌ربه‌ست مه‌حموود وایانزانی ده‌توانن رێگری له‌ YNDK بكه‌ن له‌ كاركردنی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، نه‌یانزانی شه‌هید سه‌ربه‌ست ده‌یان سه‌ربه‌ستی سه‌ربه‌خۆیيخوازی له ‌دوای خۆی په‌روه‌رده‌ و گۆشكردووه‌، هه‌موو ئه‌ندامێكی YNDK شه‌هید سه‌ربه‌ستن، خه‌بات بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی یەکێتیی نەتەوەیی لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی سەربەست مەحموود
 
لە بیست و یه‌كه‌مین ساڵیادی شەهیدكردنی(سەربەست مەحموود)دا:
داوا لە حكومەتی كوردستان دەكەین هەوڵی جددی بدەن بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی شەهید سەربەست
 
 - جەماوەری وڵاتپارێزی كوردستان ...
 - كەس و كار و بنەماڵەی سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
 
ئەمڕۆ بیست و یه‌ك ساڵ بەسەر تیرۆركردنی نووسەرو سیاسەتمەدار شەهید سەربەست مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسيی  YNDKو سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری سەرخۆبوون تێپەڕدەبێت، لەم رۆژەدا دوور لە هەموو یاسا و رێسایەكی ئایینی و مرۆڤایەتی لە 31/5/2000 دەستی ره‌شی تیرۆریستان گەیشتە گیانی پاكی شەهید سەربەست و زۆر دڕندانه‌‌ شەهیدیان كرد.
 
تیرۆریستان به‌شه‌هیدكردنی سه‌ربه‌ست مه‌حموود وایانزانی ده‌توانن رێگری له‌ YNDK بكه‌ن له‌ كاركردنی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، نه‌یانزانی شه‌هید سه‌ربه‌ست ده‌یان سه‌ربه‌ستی سه‌ربه‌خۆیيخوازی له ‌دوای خۆی په‌روه‌رده‌ و گۆشكردووه‌، هه‌موو ئه‌ندامێكی YNDK شه‌هید سه‌ربه‌ستن، خه‌بات بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن.
 
شەهید سەربەست مەحموود لە بنەماڵەیەكی تێكۆشه‌ر پەروەرده‌ و گۆشكرابوو، بۆیه‌ لە رێزەكانی YNDK درێژەی بە خەبات و به‌رخۆدانیدا، جگە لەوەی سیاسەتمه‌دارێكی لێهاتوو بوو، لەهەمان كاتدا رۆژنامەنووسێكی بوێر و چه‌له‌نگ بوو، زۆر نه‌ته‌وه‌ییانه‌ رەخنەی لە سیاسەتی داگیركاری دووژمنانی كوردستان دەگرت، لە رێگەی نووسینەكانی هەموو كات نەخشە و پیلانەكانی داگیرکەرانى شرۆڤەدەكردن و لەدیدگایەكی وڵاتپارێزانە و بەشێوازێكی هێمنانە رووبەڕوویان دەبۆوە و دژی هەموو تووندوتیژی و ئازار و تۆقاندنێك بوو، هەڵوێستە نەتەوەییەكانی زۆر كاریگەر بوون، بۆیە لەسەر ئاستی كوردستانی مه‌زن ناسراو بوو. 
 
بیست و یه‌ك ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شەهید سەربەست مەحموود تێپه‌ڕده‌بێت و تا ئێستا بكوژانی ئاشكرانەبوونه‌، ئەمەش بۆتە مایەى نیگەرانى ئێمە و بنەماڵەى شەهید، لێرەوە جارێکى دیکە داوا لە كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەتى كوردستان و بەتایبەت به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان و ده‌زگاكانی په‌یوه‌ندیدار دەكەین، کەوا هەوڵى زیاتر بده‌ن بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنى بكوژانی شەهید سەربەست و بەسزای دادگەرییانەی خۆیان بگەيەنن بۆئەوەى رۆحی شه‌هید ئارام بێت و ئێمە و بنەماڵەى شەهیدیش چیتر لە چاوەڕوانیدا نەمێنینەوە.
 
-  سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهید سەربەست مەحموود و تەواوى شەهیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان.
- مردن رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان. 
 
مه‌كته‌بی سیاسیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
10ی جۆزەردانى 2721ی كوردی
31 ی ئایارى 2021ی زایینی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە