ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کۆبووەوە

01-06-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پارتی سەرۆک بارزانی یەکێتی
A+ A-

رووداو-پیرمام

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.

پەیامنێری رووداو رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و پرسی پێکهێنانی حکومەت باسکراوە. هەروەها یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان پرسی رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان بووە کە بڕیارە 10-6-2019 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکراون و هەڵوێستی پارتی لەوبارەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەخرێنەڕوو.

سەنگەر عەبدولڕەحمان لەبارەی کاردانەوەی پارتی لەسەر هەڵوێستەکانی یەکێتی لەماوەی رابردوو بەتایبەت دوای ئەوەی دەنگی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەدا کە بەپێی رێککەوتنی نێوانیان دەبوایە فراکسیۆنی یەکێتی دەنگ بە بەربژێری پارتی بدەن گوتی "ئەو هەڵوێستە نیگەرانی لای پارتی دروستکردووە، ئەوان دەڵێن لەگەڵ یەکێتی هەموو شتێک ناپچڕێنن، بەڵام خۆ دەبێت قسە لەسەر ئەو هەڵوێستە سیاسییەی یەکێتیش بکرێت کە بەرامبەر پارتی نواندوویەتی".

بەگوتەی پەیامنێری رووداو لە قسەکردن لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی، تێگەیشتنی ئەوان بۆ ئەو هەڵوێستەی یەکێتی ئەوەیە کە "یەکێتی کێشەی نێوخۆیی هەیە و ناتوانێت پۆستەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە. بۆیە دەیانەوێت کێشەکان ببەنە دەرەوەی یەکێتی، هەندێ قەیران لە هەرێمی کوردستان دروستبکەن بە ئامانجی ئەوەی لە ناوخۆ یان کێشەکانی چارەسەربکات یان دوایبخەن تاوەکو دەگەنە چارەسەرێک لەنێوخۆیاندا".

رۆژی هەینی 31-5-2019 مەكتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی 44ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو حیزبە کرد و رایگەیاند: "ئومێدەوارین ئەو یادە هاندەری یەکدەستی و تەبایی ناوخۆی حیزبە تێکۆشەرەکەتان و ھەوێنی زیاتری یەك گوتاریی سیاسی و هاوپەیمانیی راستەقینە و کاری ھاوبەشی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانیش بێت بۆ پتەوكردنی پایەكانی ئەزموونەکەمان و پاراستن و بەدیهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەکەمان".


 

نوێدەکرێتەوە....

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە