دەست بەخاوێنکردنەوەی دەریاچەی زرێبار کرا

01-06-2018
رووداو @Rudawkurdish
 زبڵ و ئاوەڕۆی نێوشاری مەریوان و گوندەکانی دەورووبەری هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئەم دەریاچە.
زبڵ و ئاوەڕۆی نێوشاری مەریوان و گوندەکانی دەورووبەری هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئەم دەریاچە.
نیشانەکردن زرێبار
A+ A-

رووداو-هەولێر

پارێزگاری سنە بودجەیەکی تایبەتی بۆ خاوێنکردنەوەی دەریاچەی زرێباری مەریوان و رێگریکردن لە رژانی ئاوەڕۆی ناوشار و گوندەکان بۆ نێو دەریاچەکە تەرخانکردووە و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە. 


جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند ، ئەو پڕۆژەیە لەماوەی پێنج مانگدا جێبەجێ دەکرێت. ژینگەپارێزانی مەریوان پێشوازی لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکەن ، بەڵام دەڵێن، ئەو پڕۆژەیە تەنیا یەکێک لە کێشە و مەترسییەکانی سەر زرێبار چارەسەر دەکات.

دامودەزگا حکومییەکان لە مەریوان دەستیان بە رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی خەڵک لەبارەی دەریاچەی زرێبار کردووە. زبڵ و ئاوەڕۆی نێوشاری مەریوان و گوندەکانی دەورووبەری هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئەم دەریاچە.

جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، چوار ملیار و 200 ملیۆن تمەن بودجە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکان و هەروەها رێگریکردن لە رژانی ئاوەڕۆی زێرابەکانی ناوشار و گوندەکان بۆ نێو ئەو دەریاچەیە تەرخانکراوە. چەند رۆژێکە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کراوە، بەڵام ژینگەپارێزان دەڵێن بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە ، تەنیا یەکێک لە کێشەکانی زرێبار چارەسەر دەکرێت. ئەوان دەڵێن لێدانی بەنداو کاریگەری لەسەر ئاوی کانیاوەکانی ژێر دەریاچەکە داناوە و چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرێتەوە، رۆژ بە رۆژ رووبەری دەریاچەکە بچووک دەبێتەوە.

بەرپرسانی پارێزگای سنە رایانگەیاندووە، تاوەکو پێنج مانگی دیکە کاری خاوێنکردنەوەی دەریاچەی زرێبار کۆتایی دێت. تەواوبوونی کارەکە لەو وادەیەدا پێویستی بە دابینکردنی تەواوی بودجە و کاری جیدی و بەردەوام هەیە. خاوێنکردنەوەی زرێبار هەناسەیەکی نوێ دەبێ بۆ رەوشی نالەباری ئەو دەریاچەیە کە یەکێکە لە گرینگترین شوێنە سرووشتی و گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە