گرژی له‌ نێوان لایه‌نگرانی یه‌كێتی و پارتی رووده‌دات

رووداو- هه‌ولێر
له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ئاهه‌نگی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆی پاركی شانده‌ر له‌ شاری هه‌ولێر كه‌ به‌بۆنه‌ی 38 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و حزبه‌ رێكخرابوو، له‌ پیرمام له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لێيان ده‌بێته‌ گرژی و ئاڵایه‌كی یه‌كێتی ده‌سوتێندرێ.

عه‌مید سه‌باح، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی پیرمام، به‌ (رووداو)ی راگه‌یاند له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی لایه‌نگرانی یه‌كێتی له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی پارتی لێیان بووه‌ته‌وه‌ گرژی .

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی پیرمام ده‌ڵێ "لایه‌نگرانی یه‌كێتی دروشمی ئیستیفزازیان گوتوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش لایه‌نگرانی پارتی توڕِه‌كردووه‌ و  لیان بووه‌ته‌ گرژی، به‌ڵام هیچ بریندارێكی لێنه‌كه‌وتوه‌ته‌وه‌".

"ئێستا  ره‌وشه‌ ته‌واو كۆنتڕۆڵ كراوه‌ و هێزێكی زۆری ئاسایش له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئه‌منییه‌تی لایه‌نگرانی هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها تاوه‌كو لایه‌نگرانی یه‌كێتی، بێ هیچ گرفتێك بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان  له‌ چۆمان و ده‌ڤه‌ری سۆران". ئه‌مه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی پیرمام ئاماژه‌ی بۆكرد.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ یه‌كێتی و پارتی رێككه‌وتنی ستراتیژیان هه‌یه‌.

په‌یامنێرمان له‌ هه‌ولێر پێی راگه‌یاندین ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامی 60 مه‌تری شاری هه‌ولێر گرژی له‌ نێوان لایه‌نگرانی پارتی و یه‌كێتی دروست بووه‌،به‌ڵام ره‌وشه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌.

 هه‌روه‌ها به‌ وته‌ی په‌یامنێرمان له‌ به‌رده‌م ئاسایشی هه‌ولێر له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتیمانی  كوردستانه‌وه‌ ته‌قه‌كراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌وه‌ی پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

 دوای ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین ئاهه‌نگی گه‌وره‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌ كه‌ له‌ نێو شاری هه‌ولێر بكرێ.