دیندار زێباری: لە سێ ساڵی رابردوودا 4000 کرێکار خانەنشین کراون

01-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئامارێکی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سێ ساڵی رابردوودا 4,000 کرێکار خانەنشین کراون.

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی ئایاری 2024، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە رووی یاساییەوە پڕۆژەیاسای كاری تایبەت بە هەرێمی كوردستان هەموو قۆناخەکانی بڕیوە لە پەرلەمان و رەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان كراوە بەمەبەستی پەسەندكردنی. هەروەها پڕۆژەیاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە دواتر رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەرچوواندنی.
 
بەگوتەی دیندار زێباری، لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بایەخی زۆر بە مافی کرێکاران دراوە و زۆر لە راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێکراون. 
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان چەند ئامارێکی لەبارەی کار و دۆخی کرێکاران بڵاوکردوووتەوە و دەڵێت، پڕۆژه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌كان لە 15 هەزار و 500ـەوە بۆ 38 هەزار و 500 پڕۆژە زیادیانکردووە. ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو لە 17 هەزارەوە بۆ 138 هەزار و 92 کرێکار، زیادیکردووە.
 
هەروەها لە سێ ساڵی رابردوودا داهاتی ساڵانه‌ی سندووقی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری له‌ 74 ملیار دیناره‌وه‌ بووه‌ته‌ 194 ملیار دینار، هەروەها 4 هەزار و 189 کرێکار خانەنشینکراون لەکاتێکدا پێشتر 160 کرێکار بوون. هەروەها کێشەی 777 کرێکار چارەسەر کراوە. 
 
لەبارەی رەخساندنی هەلی کاریش لە کەرتەکانی دیکە، دینار زێباری دەڵێت لە کەرتی پەروەردە 16 هەزار و 349 مامۆستا و فەرمانبەری دانەمەزراو هەلی کاریان بۆ رەخسێندراوە. لە کەرتی کشتوکاڵ 4 هەزار کەس، 212 کارگەی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە، کە زیاتر لە 13 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە، لە ساڵی 2023شدا لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی نزیکەی 50 هەزار کەس هەلی کاریان بۆ رەخسێندراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە