بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە دوو هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا

01-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی تورکیا دوو هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان نەهێنراوەتەوە. هاونیشتمانییەکی دیکەش بریندار بووە.
 
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی رێکخراوی ( CPT)ـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێوارەی 28ـی نیسانی ئەمساڵ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی کوێستانەکانی خنێرەیان لە دەڤەری برادۆست کرد، بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانیی دانیشتووی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە."
 
رەسوول یونسی، باوکی سێ منداڵ و ئەحمەد حەیدەریی باوکی منداڵێک، ئەو دوو هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی کوردستانن، کە لە بۆردوومانەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوتەی کامەران عوسمان، ئەو سێ کەسە رۆژی 27ـی نیسان بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لە سنووری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونەتە کوێستانەکانی خنێرە لە شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر لە باشووری کوردستان.
 
بەرپرسەکەی مافی مرۆڤ لە رێکخراوە ئەمریکییەکە دەڵێت، خانەوادەی قوربانییەکان بۆ سۆراخی کوڕەکانیان لە هەرێمی کوردستانن و هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنووری شارۆچکەی سیدەکانیش سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکاندا، بەڵام تائێستا نەتوانراوە شوێنیان دیاریبکرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە بۆ رووداو، لە ساڵی 2023دا هێزەکانی تورکیا هەزار و 548 جار هێرش و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان و نەینەوایان کردووە کە هەزار و 159 هێرش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، 228 هێرش لە رێگەی درۆن، 114 هێرش لە رێگەی تۆپباران، سێ ‌هێرش لە رێگەی تەقەکردن و دوو هێرشیش بەهۆی مینەوە بووە.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوە ئەمریکییەکە، ئەمساڵ هەشت هاونیشتمانی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، سێی دیکەش بریندارن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە