تونێلی دەربەندیخان چەند کاژێرێک داخرا و کرایەوە؛ "نەوتی رەش رژابوو"
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ شەو تونێلی دەربەندیخان داخرا. قایمقامی ئەو قەزایە دەڵێت: "نەوتی رەش لەلایەن بارهەڵگرێکەوە رژابووە نێو تونێلەکە و بۆیە داخرا، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ تونێلەکە پاککراوەتەوە و کراوەتەوە."
رۆژی دووشەممە 01-05-2023، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەوروبەری کاژێر 10:00ی دوێنێ شەو، بارهەڵگرێک لەکاتی تێپەربوونی بە تونێلی دەربەندیخان نەوتی رەشی لێ رژایە نێو تونێلەکە، بۆیە ناچاربووین بۆ ماوەیەکی کاتی تونێلەکە دابخەین و رێگەی بەرانان وەک جێگرەوە بەکاربهێنین."
قایمقامی دەربەندیخان دەشڵێت: "کاژێر 3:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ تونێلەکە کرایەوە و ئێستا هاتووچۆ ئاساییە؛ بارهەڵگرەکەش لەلایەن هاتووچۆی دەربەندیخان راگیراوە."
تونێلی دەربەندیخان، قەزاکانی کفری، کەلار و دەربەندیخان بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە؛ لە ساڵی 1954 لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی 800 مەترە.
تونێلی دەربەندیخان بەهۆی هەندێک رووداوی هاتووچۆوە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە بوو؛ بۆیە رۆژی 04-10-2022 دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا و 187 ملیۆن و 828 هەزار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەکەی تەرخانکرا و دوای 73 رۆژ لە داخستنی رۆژی 16-12-2022 کرایەوە.