دەزگای ئاسایش: دوو چەکداری داعش لە سلێمانی دەستگیر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی دوو داواکراوی لە یاسا هەڵاتوو بە مادەی چواری تیرۆری عێراق دەستگیر کران، یەکێکیان بە برینداری دەستگیر کراوە.
 
رۆژی دووشەممە 01-05-2023 دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوو تیرۆریستی داعش، کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکرابوون لەلایەن ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە دەستگیر کراون، دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بەدواداچوون و کارکردنی بەردەوام بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵگەمان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو تیرۆریستی لە یاسا هەڵاتوو کە لە شارەکانی عێراقەوە هاتوونەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خۆحەشاردان."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هەماهەنگی و هاریکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق، هێزەکانمان لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکرد و ئەنجام لە شەوی یەکشەممە 30-04-2023 لە دوو هەڵمەتی جیادا هەردوو تیرۆریستەکە دەستگیر کران."
 
ئەو دوو داواکراوە بە ناوەکانی "س. م. ع" و "ر. م. ع" بە مادەی 4ی تیرۆر داواکرابوون و لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کران، کە یەکێک لە داواکراوان بە برینداری دەستگیر کرا. دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر دۆسیەکەیان رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەکرێتەوە.