مەسرور بارزانی: حکومەت بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازییەکانی بۆ باشترکردنی گوزەرانی کرێکاران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی کرێکاراندا لە پەیامێکدا رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازییەکانی لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی کرێکارانی کوردستان".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 1-5-2023) پەیامێکی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا دەڵێ "پەسندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بەشێکە لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری باشترکردنی ژیان و مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکاران".
پەرلەمانی کوردستان 1-3-2023 بۆ یەکەمجار لە مێژووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا پڕۆژەیاسای کاری پەسندکرد، بەگوێرەی یاساکە لە شەو و رۆژێکدا، کرێکار نابێت لە هەشت کاژێر زیاتر کاربکات و کەمترین مووچەی کرێکاریش دەبێت 450 هەزار دینار.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی لە رۆژی کرێکاران:
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کرێکارانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم . بەڕێز و پێزانینەوە لە ئەرک و ماندووبوون و ڕۆڵی گرنگی كرێكارانی كوردستان دەڕوانین لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستاندا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازییەکانی لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی کرێکارانی کوردستان، لەم ڕووەوە، پەسندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بەشێکە لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری باشترکردنی ژیان و مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و دابینکردنی مافە یاساییەکانیان و سنووردانان بۆ هەموو جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران.
ڕۆژی کرێکاران پیرۆز بێت و هیوای ژیانێکی باشتریان بۆ دەخوازم.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان