وەزارەتی ناوخۆ: دوای 21ی تەممووز هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، سزا دەدرێت

01-05-2023
هێمن بابان رەحیم
دوای 21ی تەممووز ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەتیان پێیە سزای دارایی و یاسایی دەدرێن
دوای 21ی تەممووز ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەتیان پێیە سزای دارایی و یاسایی دەدرێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەدوای 21ی تەممووزەوە هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن و لە دوو بۆ پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێت. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتەکە رایگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا چەندین کەس لەو 42 بنکەی پۆلیسەی هەیە ناو و چەکەکانیان تۆمار کردووە."
 
رۆژی دووشەممە 01-05-2023 هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵگرانی چەکی بێ مۆڵەتەوە گوتی، "21-07-2023، وەکو دوا کات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دیاریکراوە، لەدوای ئەوە هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی پێ بگیرێت بەپێی مادەى 15 لە یاساى ژمارە 2ی ساڵی 2022 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێک تاوەکو سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دوو ملیۆن تاوەکو پێنج ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێت."
 
لەبارەی تۆمارکردنی چەکیش، هێمن میرانی گوتی، بەردەوامە، لەپاڵ ئەوەشدا مەفرەزەى جۆراوجۆر و پۆلیسی هاوبەش لەو شوێنانەى زانیارییان پێ دەگات دەتوانن دەستبەکار ببن و دەست بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا بگرن، هەروەها ئەوانە دەستگیر بکەن کە تەقە دەکەن و مامەڵەى یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
 
پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک راگەیێندرابوون و بڵاوکرابوونەوە تاوەکو هاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن. ‌هێمن میانی دەڵێت، "ساڵێک بەس بوو بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریی خەڵک تاوەکو چەکەکانیان لاى حکومەت تۆمار بکەن، ئەوەى مەبەستی بوبێت چەکەکەى تۆمار بکات کردوویەتی، ئەو چەند مانگەى ماوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لەڕووی یاساییەوە لە 21ی تەممووز بارودۆخەکە دەگۆڕێت."
 
لە هەرێمی کوردستان 42 بنکەی پۆلیس بۆ تۆمارکردنی چەک دیاریکراون، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "ژمارەیەک کەس ناو و چەکەکانیان تۆمار کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانە ئەم پرۆسەیە دەکرێت ژمارەکە هێشتا دیار نییە، بەڵام ئێستاش پۆلیس خەڵک لەسەر چەکی بێ مۆڵەت دەستگیر دەکات، بەڵام لەدوای 21ی تەممووزەوە هەر کەسێک بە چەکی بێ مۆڵەتەوە بگیرێت، راستەوخۆ رەوانەی دادگە دەکرێت و مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت."
 
شاخەوان رەئوف، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ژمارەی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ژمارەکە نادیارە، هێشتا نازانرێت چەند پارچە چەک هەیە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ رێنوێنیی دەرکردووە و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ چەکی بێ مۆڵەت دەکات."
 
لە ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە 20 بازاڕ و شوێنی فرۆشتنی چەک لە هەرێمی کوردستان داخراون و کڕین و فرۆشتنی چەکیان تێدا قەدەخەکراوە.
 
یاسای هەڵگرتنی چەک لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا هەموار کرایەوە. بەگوێرەی یاساکە، مەرجەکانی هەڵگرتنی چەک تووند کراون لەچاو یاسای پێشوو. ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنیی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
 
رۆژی سێشەممە 25-04-2023 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی ژمارە ک/10338ـی ئاراستەی پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە یاسا و رێنوێنییەکانی بواری چەکی تێدایە.
 
لە نووسراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و پاراستنی سەر و گیانی خەڵک، بایەخی تایبەتی بە رێکخستنی دیاردەی چەکداری و سنووردارکردنی چەکی بێ موڵەت داوە. لەوبارەیەوە یاسای نوێی چەک ژمارە دوو-ی ساڵی 2022 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە. وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هەردوو رێنوێنیی ژمارە پێنج-ی ساڵی 2022، رێنوێنیی جێبەجێکردنی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان و رێنوێنیی ژمارە شەش-ی ساڵی 2022، رێنوێنیی داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین دەرچوواند."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە