کۆمەڵ نوێنەرەکانی لە پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگا و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دەکشێنێتەوە

01-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی گشتییدا، کە ئەمڕۆ 1ی ئایار لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری کشانەوەی نوێنەرانی لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دا. بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی ئەو حیزبەش دەڵێت، "سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە دەنگیان بە کشانەوە دا."

رۆژی دووشەممە 01-05-2023 عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کشانەوەی نوێنەرانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "لای هەموو لایەک ئاشکرایە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاری درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان پەیدا بووە و ترسی جیددیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکە دروست بووە."

هەروەها سەرۆکی ئەو حیزبە سیاسییەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانیش هەر ماوەیان بەسەرچووە و لەو رووەوە لە پەرلەمان جیاوازیی نییە، بۆیە بە پێویستیان زانیوە لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمڕۆدا سەرجەم نوێنەرانیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێش بکەن.

د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە بڕیاری مامۆستا عەلی باپیر نییە بە تەنیا، بەڵکو بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی گشتی دراوە کە هەر سێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی دامەزرێنەران و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و رێکخستن لەخۆدەگرێت و لە کۆی 52 ئەندامی کۆبوونەوەی گشتی، نزیکەی 45یان ئامادە بوون."

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری رەتیدەکاتەوە هەڵوێستی حیزبەکەیان بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت و گوتی، "ئەسڵەن کەس نازانێت هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت یاخود نا."

"بڕیارەکەی کۆمەڵ بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دێت کە هەر سێ دامەزراوەکە دەگرێتەوە،" ئەمەش وەکو د. بێستوون حەمەساڵح گوتی.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان حەوت ئەندامی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەیە. قایمقامی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی ئیسێوە لە ئیدارەی راپەڕین، باوەنوور لە گەرمیان، ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ و سیروان لە هەڵەبجە سەر بە کۆمەڵی دادگەرین. جگە لەوەش بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە پشکی کۆمەڵن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.