لە چوار مانگدا شەش کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی کرێکارانە؛ لە چوار مانگی رابردوودا شەش کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بوون.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو کرێکارانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گیانیان لەدەستداوە و لە سەندیکاکاندا تۆمار کراون ژمارەیان شەش کرێکارە. ئەمڕۆ (دووشەممە، یەکی ئایاری 2023) عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زۆرینەی کرێکارەکان لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە کە چوار کرێکار بوون.
 
لە سلێمانی یەک کرێکار و لە دهۆکیش کرێکارێک گیانیان لەدەستداوە؛ لە هەڵەبجە گیانلەدەستدانی کرێکار تۆمار نەکراوە.
 
وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمساڵ یەک کرێکار لە سنوورەکەیان گیانی لەدەستداوە و برینداریشیان نەبووە؛ گوتیشی: "ساڵی رابردوو 12 کرێکار گیانیان لەدەستدا و سێ کرێكاریش بریندارببوون".
 
عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران بۆ نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی کار دەگەڕێنێتەوە و، دەڵێت: "خاوەن کارەکان مەرجی سەلامەتی و تەندروستی کار بۆ کرێکاران دەستبەرناکەن؛ کرێکارانیش زۆرجار کەمتەرخەمن بۆ پاراستنی خۆیان".
 
بەگوێرەی یاسای کار، کرێکاران دەتوانن دەستەبەری خۆیان بکەن کە 17%ـی کرێی کارەکەیانە و دەبێت 12٪ـی خاوەن کار بیدات، کرێکار کاتێک دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەبوو، لەکاتی پێویستیی تەندروستی و برینداربوونیدا دەتوانێت سوودی لێ ببینێت، بەڵام ئەندامەکەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت: "خاوەن کارەکان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارەکان ناکەن و پێشیان ناڵێن؛ کرێکارانیش زۆرینەیان ئاگاداری ئەوە نین".
 
تەواوی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان کردووە لە هەرێمی کوردستان، 132 هەزار کرێکارن. عەبدولقادر ناوپردانی دەڵێت، ئەوان دڵنیان "زۆرینەی" کرێكاران دەستەبەرنەکراون و پێیوایە و ژمارەیەکی زۆر زیاتر لەوەش لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن و دەستەبەرییان نییە.
 
بەهۆی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە لە زیاتر لە 80 وڵاتی جیهان ئەمڕۆ پشووی فەرمییە؛ لەو چوارچێوەیەدا لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەمڕۆ کراوەتە پشووی فەرمیی.